فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران: ئیسرائیل گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت
K24 – هەولێر:
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەو هێرشانەی لە ناو ئێراندا دەیکات خەریکە گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەكەنێت.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریشی دا لە کات و شوێنێکدا کە هێشتا دیاری نەکراوە وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە و پێیان دەسەلمێنن کە هەڵەیان کردووە.
هاوکات حوسێن سەلامی ئاماژەی بەوەکرد: پێیان وایە دەتوانن بە کوشتنی زانایانی ئەتۆمی لە شەقامەکان، ڕێگە لە دەستڕاگەیشتنی وڵاتێک بە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بگرن. ئەمە گاڵتەجارانەترین ستراتیژە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی سیاسی.
سەلامی گوتیشی: ڕێبەری لایەنێکی شۆڕشگێر و خەباتکار و ئازادیخواز کە بە شوێن مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و وەرگرتنەوەی وڵاتێکی داگیرکراوە، لە خاکی وڵاتێکی دیکەدا بە ئامانج دەگرن و وا دەزانن بەم کارانە سەرکەوتنێک بۆ مانەوەی خۆیان بەدەست دێنن. ئەمانە خەریکن چاڵ بۆخۆیان هەڵدەکەنن و بەرەبەرە خۆیان لە ناو ئەم چاڵانەدا دەنێژرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران باسی لەوەکرد: کاتێک وڵامێکی توندمان دانەوە، دەزانن کە هەڵەیان کردووە. ئەمجارەش هەڵەیان کرد و دیسانیش وڵامی توند وەردەگرنەوە. دیار نییە کەی، لە کوێ و چۆن وڵامیان دەدەرێتەوە بەڵام وەڵام هەر وەردەگرن.