کۆمپانیای مێتا داوای لێبوردنی لەسەرۆکوەزیرانی مالیزیا کرد

ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیا مێتا خاوەنی پلاتفۆرمەکانی فەیسبوک و ئینیستاگرام، داوای لێبوردنی لەسەرۆکوەزیرانی مالیزیا، ئەنوەر ئیبراهیم کرد، بەهۆی لابردنی پۆستێکی کە لەسەر تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس نوسیبووی.

گوتەبێژی کۆمپانیای مێتا، لە وەڵامی پرسیارەکاندا بە پۆستی ئەلیکترۆنی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ئەو کاتە ناوەرۆکی هەواڵەکە لەگەڵ "نیشانەی ڕاستیی تایبەت بە گرنگیی هەواڵ" دووبارە دانراوەتەوە. 

ڕۆژی پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024، دوای سڕینەوەی پۆستێکی ئەنوەر ئیبراهیم، ​​سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنییە، ناکۆکی کەوتە نێوان حکوومەتی مالیزیا و کۆمپانیای مێتا، ​​سەرۆکوەزیرانەکە لە لێدوانێکیدا کۆمپانیای مێتای بە ترسنۆک ناو برد.

هاووڵاتیانی مالیزیا زۆرینە موسڵمانە و لایەنگری دۆزی فەڵەستینن، ئەنوەریش ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە پەیوەندیی بە سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس دەکات و سەرەخۆشی لێ دەکات، بەڵام دواتر پۆستەکە لە پەڕەی فەیسبوک سڕایەوە.

ئەنوەر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: با ئەمە پەیامێکی ڕوون و بێ دوو دڵی بێت بۆ کۆمپانیای مێتا، واز لەم جۆرە ترسنۆکایەتییە بێنن.