ئیبراهیمۆڤیچ بە لێدوانێك هەمووان شۆك دەکات
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ پێی وایە ئەگەر بەشداری ئۆڵمپیكی بکردبا لە زۆربەی یاریزانەکانی ئێستای هونەرە جەنگییەکان باشتر دەبوو.
راوێژکارەکەی ئێستای یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بە ڕۆژنامەی زە ئەتلەتیکی راگەیاندووە، کە لە تۆپی پێدا لە هەمووان باشتربووم و دەتوانم ئەو تەحەدایە لە هونەرە جەنگییەکانیشدا بکەم.
ئیبراهیمۆڤیچ دەڵێت: ئەگەر بۆ یاریی تایکواندۆ بەشداریی ئۆڵمپیکم بکردایە لە زۆربەی یاریزانەکانی ئەو یارییە باشتر دەبووم و مێدالیای زێڕم دەبردەوە.
یاریزانەکەی پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا، ئینتەرمیلان، مانچێستەر یونایتد و پاریس سانجێرمان پێشتر یاریی هونەرە جەنگییەکانیشی کردووە و پشتێنی رەشی لە تایکواندۆ هەیە و دەڵێت: من باڵام یەك مەتر و 97 سانتیمە، بەڵام وەک پیاوێک دەجووڵێم، کە باڵای یەک مەتر و 60 سانتیمەتر بێت.
ئیبراهیمۆڤیچ لە 5ی حوزەیرانی 2023 لە دوای یاریی نێوان میلان و هێلاش ڤێرۆنا لە خولی ئیتاڵی بە یەکجاری وازی لە تۆپی پێ هێنا.
یاریزانە سویدییەکە رۆڵێکی گەورەی بینی لە هەستانەوەی میلان بۆ لوتکەی تۆپی پێی ئیتاڵیا دوای گەڕانەوەی بۆ یانەکە لە 2019 و بووە هۆکاری بەدەستهێنانی خولی ئیتاڵی لە ساڵی 2022 دوای ئەوەی ماوەی 11 ساڵ بوو یانەکە لە نازناوەکە دوورکەوتبوونەوە.
ئیبراهیمۆڤیچ تەمەنی 42 ساڵە و راوێژکاری ئێستای یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵییە لەگەڵ ئەو یانانەی یاریی بۆکردوون نازناوی خولەکانی هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و فەرەنسای بەدەستهێناوە.