لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا ژیانی نەخۆشانی تالاسیمیا لە مەترسیدایە

یەکێک لە تووشبووانی نەخۆشی تالاسیمیا - ئیدلب
یەکێک لە تووشبووانی نەخۆشی تالاسیمیا - ئیدلب

نەخۆشانی تالاسیمیا لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا بەهۆی کەمیی بنکە تەندروستییەکان و کەمیی دەرمانەوە بەدەم ئازارەوە دەتلێنەوە و هیچ دەرەتانێک بەدی ناکەن بۆ ئەوەی هانای بۆ بەرن.

سارای 18 ساڵان لە بری بیرکردنەوە لە ژیانێکی شایستە و داهاتووێکی گەش، هەموو هەوڵێکی ئەوەیە نەخۆشییەکەی لە بیر بەرێتەوە، بەڵام هەمیشە لە ئازادایە و تاکە خەمی بووەتە ئەوەی چۆن و لە کوێ جارێکی دیکە چارەیەکی کاتیی تر وەربگرێت.

سەرەڕای قورسیی چارەکردنەکەی، بۆ سارا زەحمەتە هەموو جارێک ڕێگەیەکی دوور ببڕێت بۆ ئەوەی بچێتە ئیدلیب و لە نەخۆشخانەی شارەکە خوێن وەربگرێت. سارا فارس دەڵێت: هەر 15 ڕۆژ جارێک دەبێت خوێنم بگۆڕم، ئێمە نەخۆشانی تالاسیمیا ڕووبەڕووی چەندین گرفت و کێشە دەبینەوە، دەرمانمان بە زەحمەت دەست دەکەوێت و نەخۆشخانە لێمانەوە دوورە و هیچ کەس و لایەنکیش هاوکاریمان ناکات.

بەهۆی ڕاگرتنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە بواری تەندروستییەوە دۆخێکی مەترسیدار باڵی بەسەر باکووری سووریا گرتووە و قەیرانێکی سەختی دەرمان بەرۆکی نەخۆشخانەکانیشی گرتووەتەوە، سەرەڕای ئەمەش ژمارەی ناوەندە تەندروستییەکان کەم بوونەوە و بەشێکی زۆریان هیچ خزمەتگوزارییەکیان تێدا پێشکەش ناکرێت.

لەم بارەوە پزیشکێک بە ناوی محەمەد قەش دەڵێت: کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە کەرتی تەندروستی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا لەم دواییانەدا کاریگەری خراپی لەسەر نەخۆشانی تالاسیمیا هەبووە، خەڵکی ناوچەکە توانای چارەکردنی نەخۆشەکانیان نییە، بەردەوامی ڕاگرتنی هاوکارییەکان کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.

بەگوێرەی تۆمارەکانی بەڕێوبەرایەتیی تەندروستی پارێزگای ئیدلب، هەزار و 700نەخۆشی تالاسیمیا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا هەن و تەنیا 5 بنکەی تایبەت بۆ چارەکردنی نەخۆشییەکە لەو پارێزگایەدا هەن، لە کاتێکدا دەرمان و هاوکاریی پێویستیان بەدەست ناگات بۆ ئەوەی چارەی نەخۆشانی تالاسیمیا و نەخۆشانی دیکەش بکەن.