حکوومەت بڕیاری نوێی بۆ لێخۆشبوون لە سزای هاتوچۆ و قەرزی کارەبا دەرکرد
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تەمموووزی 2026، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو و تێیدا چەند بڕیارێکی نوێ لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەرکران.
لەبارەی وردەکاریی بڕیارەکانەوە، سەرچاوەیەک بە کوردستان 24ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە لێخۆشبوون لە سزاکانی سەرپێچیی هاتوچۆ بە رێژەی 20% تاوەکو 31ـی مانگی 12ـی 2026 درێژ بکرێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هاوبەشانەی قەرزی کارەبایان لەسەرە، چ هاووڵاتییان بن یان ئەوانەی پڕۆژەی کشتوکاڵییان هەیە، ئەگەر قەرزەکەیان هی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی رووناکی بێت، ئەوا بە رێژەی 50% داشکاندنیان بۆ دەکرێت.
سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ئەوانەی قەرزی کارەبای پڕۆژەی پیشەسازی، بازرگانی، گەشتوگوزار یان کارگەیان لەسەرە، داشکاندنی 25%ـیان بۆ دەکرێت. هاوکات جەختی کردەوە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە بۆ ماوەی یەک مانگ لە رۆژی دەرچوونیانەوە کاریان پێ دەکرێت.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام هەوڵی داوە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان بکات و بارگرانیی دارایی لەسەر شانیان کەم بکاتەوە. پێشتریش چەندین جار بڕیاری لێخۆشبوونی سزای هاتوچۆ و داشکاندنی قەرزی ئاو و کارەبا و پێشینەکانی دیکە دەرکراون.
درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی 20%ـی سزای هاتوچۆ دەرفەتێکی نوێیە بۆ ئەو شۆفێرانەی نەیانتوانیوە لە ماوەی رابردوودا سزاکانیان بدەن. لە لایەکی دیکەوە، پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە پاکتاوکردنی قەرزە کۆنەکانی کارەبا بە داشکاندنێکی گەورەوە، هاندەرێکی بەهێزە بۆ هاووڵاتییان و خاوەن کارەکان تاوەکو قەرزەکانیان بگەڕێننەوە و سوود لەو خزمەتگوزارییە نوێیە وەربگرن.