عەبوودی: سبەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچێتە تاران
گوتەبێژی حکوومەتی فیدراڵ دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنی نەوت. دەشڵێت، بڕیارە سبەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئێران بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی فیدراڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، 23ـی تەممووز، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وەزاری و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی ئێران سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
بە گوتەی عەبوودی، لە سەردانەکەی زەیدیدا، پرسی گاز لە نێوان بەغدا و تاران بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا و لە وەڵامی پرسیارێکی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24، حەیدەر عەبوودی جەختی کردەوە، بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دڵنیاییە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. هەروەها روونی کردەوە، حکوومەتی عێراق ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کێڵگە نەوتییەکانی لە ئەستۆدایە.
سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان و دۆخی ناوچەکە، گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، عێراق جێگەی بایەخی جیهانە و هەڵوێستی نەگۆڕی هەیە و رێز لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی دەگرێت.
گوتیشی، عێراق دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری دیپلۆماسی هەیە بۆ رەوینەوەی ئەو گرژییانەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەن. لە پاڵ ئەمانەدا، عێراق چەند رێککەوتنێکی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە بۆ دۆزینەوەی رێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت.
لەبارەی دۆسیەکانی ناوخۆوە، گوتەبێژی حکوومەت گوتی، پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە دەست دەوڵەتەوە پرسێکی تەواو ناوخۆییە و تەنیا لە بەغدا بڕیاری لێ دەدرێت و لە هیچ پایتەختێکی دیکە گفتوگۆی لەسەر نەکراوە.
هەروەها باسی لەوە کرد، حکوومەت بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لایەنە سیاسییەکانیش پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران دەکەن، بۆیە هیچ لێخۆشبوونێک بۆ هیچ کەسێک نییە با پێگەی سیاسیی هەرچییەک بێت.
بۆ پرسی ئابووری و سەردانەکانی داهاتووش، حەیدەر عەبوودی باسی لەوە کرد پرسی ئاو یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ تورکیا لە کۆتایی ئەم مانگەدا.
سەبارەت بە سندووقی گەشەپێدانیش گوتی، بانکی ناوەندیی عێراق بە بڕە پارەیەکی زۆر بەشداری تێدا دەکات و چەندین وڵاتی گرنگیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە شایستە داراییەکانی جووتیاران کرد و رایگەیاند، ئەم پرسە لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتدایە، بەڵام پێشهاتەکانی ناوچەکە بوونە هۆی دواکەوتنی دابەشکردنیان.