وەزیری پەروەردە لە رێگەی کوردستان24ـەوە پیرۆزبایی لە قوتابی نیڤار بەختیار دەکات

نیڤار بەختیار، کچە قوتابییەکی خوێندنی کوردی لە کەرکووک و کچی پێشمەرگەیەکە، توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنێت؛ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی کوردستان24ـەوە پیرۆزبایی لێکرد و رایگەیاند، شانازی بەو سەرکەوتنە گەورەیەی خوێندنی کوردییەوە دەکەن لە کەرکووک.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کوردستان24ـەوە دەستخۆشی لە نیڤار و خانەوادەکەی و قوتابخانەکەی کرد و گوتی: "شانازیت پێوە دەکەین، کەرکووک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و شانازی دەکەین کە جەنابت لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کۆنمرەی 100ت بەدەستهێناوە." وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد کە دیارییەکی تایبەتی وەزارەت لەرێگەی مامۆستا کامەران، سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، پێشکەشی ئەو قوتابییە دەکرێت.

وەزیری پەروەردە ستایشی هەوڵی هەموو مامۆستایانی خوێندنی کوردی کرد و جەختی کردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی تایبەتی بۆ قوتابییە یەکەمەکان هەیە؛ راشیگەیاند کە ئەوان وەک وەزارەتی پەروەردە هەرچییەکیان پێبکرێت بۆ قوتابییە یەکەمەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامی دەدەن.

لای خۆیەوە نیڤار بەختیار بە کوردستان24ی راگەیاند، سوپاسی ئامادەیی شیرین و مامۆستاکانی دەکات کە یارمەتیدەری بوون لە بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە. لەبارەی نهێنی سەرکەوتنەکەشی و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نێڤار گوتی: "لە هاویندا بەمەبەستی کات بەسەربردن بەکارم دەهێنان، بەڵام لە کاتی دەستپێکی قوتابخانە کاتێک زانیم کاتی زۆرم لێدەبات، هەموو هەژمارەکانم سڕییەوە و تەنیا تێلگرامم بۆ پەیوەندیکردن و پرسیارکردن لە مامۆستاکانم هێشتەوە."

ئەو کچە قوتابییە ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوانی کۆنمرەی 99ی دەکرد بەڵام بەدەستهێنانی 100 بۆ ئەو سوپرایزێکی گەورە بووە. نێڤار باسی لەوەش کرد کە یەکەم کەس کە هەواڵی سەرکەوتنەکەی پێگەیاندووە، باوکی بووە کە پێشمەرگەیە.

نیڤار بەختیار عادل، قوتابی ئامادەیی شیرینە بۆ خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک. ئەم قوتابییە توانی لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی 12ـی ئامادەیی، کۆنمرەی 100 بەدەست بهێنێت و ببێتە یەکەمی سەر ئاستی کۆی وەزارەتی پەروەردەی عێراق.