ئاواره‌كان هاواری خۆیان بۆ سه‌رۆك بارزانی ده‌هێنن تا مافه‌كانیان له‌ عێراق وەربگرێتەوە

ئاوارەیەکی دانیتشووی کەمپی بەحرکە
ئاوارەیەکی دانیتشووی کەمپی بەحرکە

ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، هاواری خۆیان بۆ سه‌رۆك بارزانی ده‌هێنن تا مافه‌كانیان له‌ عێراق وەربگرێتەوە. چونکە، وەکو خۆیان دەڵێن، ڕێگرییان لێ دەکرێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و بەشێکی ئەوانەی گەڕاونەتەوە، خراونەتە زیندانەوە.

پێنجشەممە، 08-08-2024، ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپی بەحرەکە لە هەولێر، بە هەڤرێست ڕەجەب، پەیامنێری کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، ئێستا ژمارەیەکی کەمی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ئەوانەشی دەگەڕێنەوە، ڕێگرییان لێ دەکرێت و زیندانی دەکرێن؛ بۆیە هاواری خۆیان بۆ سەرۆک بارزانی دەبەن و داوای لێ دەکەن کێشەکەیان بۆ چارە بکات.

یەکێک لە ئاوارەکان لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە داوایەک ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات و پێی دەڵێت: برای بەڕێزم مەسعود بارزانی،  به‌ جێمان مه‌هێڵه، هه‌ر جه‌نابت ده‌توانیت مافه‌كانمان وه‌ربگریته‌وه‌.  تۆمان هه‌یە و هاواری خومان بۆ جه‌نابت هێناوە؛ چونكه‌ ته‌نیا جه‌نابت ده‌توانیت ئه‌م كارە‌ بكه‌یت، ئه‌وانەی دیکە هه‌موویان هیچیان بۆ ئێمه‌ نه‌كردووه.

بە گوتەی ئەو ئاوارەیەی کەمپی بەحرکە، تاکە داواکارییان ئەوەیە "دادپه‌روه‌ری بۆ ئاواره‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ ئاوا‌رەكان دەچنە سه‌ڵاحه‌ددین (تكریت)؛ پێیان ده‌ڵێن، هیچ مافێكتان نییه‌، ده‌ڕۆنه‌ مووسڵ، پێیان دەڵێن، هیچ مافێکتان نییه. ئێستا ئۆتۆمبێله‌كان له‌ شنگال وه‌ستاون و ناهێڵن بڕۆنه‌ سه‌ر ماڵ و مۆڵكیان. له‌ سه‌ڵاحه‌ددینیش بە هەمان شێوە".

ڕوونیشی کردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لە نەینەوا، سەڵاحەددین و شوێنەکانی دیکە دان به‌ نووسراوەکانیان نانێن کە تایبەتن بە گەڕانەوەیان و پێمان دەڵێن "بڕۆن نووسراو له‌ موختار و ئاسایشی نشتیمانی بهێنن و پاشان ده‌هێڵین بڕۆنه‌ نێو شار، سەرەڕای ئەمەش، ئه‌وانه‌ی نووسراویان هێناوه‌، ئێستا له‌ زیندانن".

حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە هەر خێزانێکی ئاوارەی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی، بڕی چوار ملیۆن دیناری پێ بدات. بەڵام بە گوتەی ئاوارەکان، ئەو بڕە پارەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی خانوو و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان، زۆر کەمە، چونکە ئاوەدانکردنەوەی هەر خانووەیەک پێویستی بە لانیکەم 20 ملیۆن دینارە.