ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان: پێنج كه‌س له‌ به‌شداربووانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر بنكه‌ی عەین ئەسەد ده‌ستگیر كران

ئەو ئۆتۆمبیلەی مووشەکەکانی هەڵگرتووە
ئەو ئۆتۆمبیلەی مووشەکەکانی هەڵگرتووە

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌ پشت به‌ستن به‌ زانیارییه‌ ئه‌منییه‌ ورده‌كان، توانراوه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دواییانه‌ی سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د به‌شدار بوونه‌.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کاتژمێر 9:00ـی شەوی 5ـی ئابی 2024، هێرش کرایە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، کە بەشێک لە ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیدا نیشتەجێن.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، 8ـی ئابی 2024، شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، دوای پێكهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانەوە، توانرا زانیاریی دروست سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌ به‌ ده‌ست بهێنن، كه‌ زانیارییه‌كان وردن و به‌ پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، دوای به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندیی دادوه‌ر، پێنج كه‌سیان ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ له‌و هێرشه‌دا به‌شدار بوونه‌.