ئەعیاد تۆفان: داعش هێزی ڕابردووی نەماوە

ئەعیاد تۆفان، پسپۆری ئەمنی
ئەعیاد تۆفان، پسپۆری ئەمنی

K24 – هەولێر:

پسپۆرێکی ئەمنی، دەڵێت: داعش خانەیەکی شێرپەنجەییە و پێویستە ببڕدرێت، بەڵام تا ئێستە ئەو کارە نەکراوە.

ئەعیاد تۆفان، پسپۆری ئەمنی، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: داعش بە تەواوی لە عێراق لەنێو نەبراوە و زۆرینەیان گەڕانەوە بۆ سووریا، بەشێکیشیان گەڕانەوە بیابانەکان و دەوروبەری شارەکان.

ئەو پسپۆرە ئەمنییە دەڵێت: هەواڵە مەترسیدارەکە ئەوەیە کە هەندێک زیندانی لە زیندانەکانی داعش ئازاد کراون، هەروەها هەندێک لە خانەوادەکانی داعشیش لە کەمپی هۆل ئازاد کراون، بەڵام داعش ئێستە ئەو هێزە مەترسیدارە نەماوە نەک شار بەڵکو ناتوانێت گوندێکیش داگیر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە سەرچاوەی مەترسییە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، داعش خانەیەکی شێرپەنجەییە و پێویستە ببڕدرێت، بەڵام تا ئێستە ئەو کارە نەکراوە.

ئەعیاد تۆفان، گوتی: داعش لە نەینەوا نییە و بەڵام هێشتا مەترسییە، دەبێت سنوورەکان توند بکرێت بۆ ئەوەی دزە نەکەنە ناو پارێزگاکە.

پارێزگای نەینەوا زیاتر لە هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق زەرەر و زیانی بەدەستی چەکدارانی داعش پێگەیشتووە، هاووڵاتیانیش دەڵێن: هەر جموجۆڵێکی شانە نوستووەکانی داعش پێویستە بەزووترین کات لەنێو ببرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بارودۆخی پارێزگاکە تێکنەچێت.