جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن: بەمزووانە وڵاممان بۆ هێرشی سەر بنکەکانمان دەبێت

گرووپە چەکدارەکانی عێراق
گرووپە چەکدارەکانی عێراق

فەیلقەی وەعدولسادقی سەر بە گروپەچەکدارەکانی عێراق هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمەریکا دەکەن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن: حکوومەتی سوودانی شکستیهێناوە لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەڕێگەی گفتوگۆوە.

لەبەرامبەردا پێنتاگۆن دەڵێت، وەڵامیان بۆ هێرشی سەر بنکەکانیان دەبێت و سەرباز و تیمەکانیان دەپارێزن.

چەند مانگ هێمنی و ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و گروپەچەکداران نزیکە لەوەی تەواوبێت و گەڕێکی دیکەی شەڕە درۆن و مووشەک لە عیراق دەستپێبکات. ئەمەریکا دەڵێت، "وەڵامی هێرشکردنە سەرمان دەدەینە و گروپەچەکدارەکانیش دوای بێ ئوومێدبوونیان لە حکوومەتەکەی سوودانی بۆ دەرکردنی ئەمەریکا چاویان لەسەر چەک و درۆنەکانیانە تا ئەو کارەیان بۆ بکات.

لەنوێترین پێشهاتی تایبەت بەم ئاڵۆزیانە، محەمەد تەمیمی، فەرماندەی فەیلەقی وەعدولسادقی سەر بەگروپە چەکدارەکانی عێراق زەنگی دەستپێکردنەوەی شەڕی دژی هێزەکانی ئەمەریکا لێدا و ڕایگەیاند، ئەمەریکا جگە لەشەڕ هیچ چارەیەکی دیکەی بۆ نەهێشتووینەتەوە، چونکە ئەو وڵاتە لەجێگەی کەمکردنەوەی سەربازەکانی لە عێراق نزیکەی دوو هەزار سەربازی دیکەشی هێناوە.

 فەیلەقی وەعدولسادق باس لەوەشدەکات، حکوومەتەکەی سوودانی شکستیهێناوە لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بە گفتوگۆ ئێستە. کاتی ئەوەیە خۆیان کارەکە ئەنجامبدەن.

گروپە چەکدارەکان خۆیان بەدوای پاسەوەوەبوون بۆ دەستکردنەوەی بەشەڕی ئەمەریکا و ناردنی درۆن بۆسەر بنکەکانیان، بەڵام کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لەناو جەرگەی تاران و هەڕەشەی ئێران بۆ وەڵامدانەوە، گروپەکانی عێراقی هانداوە تا دەست بەهێرش بۆسەر بارەگاکانی ئەمەریکا بکەنەوە. دواین دەستپێشەخەریشیان ئاڕاستەکردنی دوو کاتیۆشابوو بۆسەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە بەهۆیەوە حەوت کەس برینداربوون، پێنج سەرباز و دوو بەڵێندەر.

لەبەرامبەردا سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت، "گروپەکانی نزیک لە ئێران هێرشەکەی سەر عەین ئەسەدیان ئەنجامداوە، پابەندیشن بە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە لەکات وشوێنی خۆیان".

سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕاشیگەیاند، سیناریۆکان بەو شێوەیەن ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕێگە بە ئەمەریکا نادەن بەمزوانە عێراق بەجێبهێڵیت، هیچ بەرپرسێکی ئەو وڵاتەش بەفەرمی کاتی کشانەوەی دیاری نەکردووە. گروپە چەکدارەکانیش دەستیان لەسەر تفەنگەکانیانەوە و چاوەڕوانی کاتژمێری سفرن بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان بۆسەر بنکە و بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا.