كۆمیسیۆن تیروپشك بۆ ژماره‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی و پارته‌كان و كاندیدایانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات

كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق
كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تیروپشكی تایبه‌ت به‌ ژماره‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی و پارته‌كان و كاندیدایانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات.

ڕۆژی هه‌ینی، 9ـی ئابی 2024، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تیروپشكی تایبه‌ت به‌ ژماره‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی و پارته‌كان و كاندیدایانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات و بڕیار وایه‌ پرۆسه‌ی ڕاكێشانی تیروپشك له‌ كاتژمێر 10ـی سه‌رله‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ 10ـی ئابی 2024 له‌ هۆتێل هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕێوه‌ بچێت.

ڕۆژی شه‌ممه‌ 20ـی ته‌ممووزی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، واده‌ی وه‌رگرتنی لیستی ناوی كاندیدایان، پارته‌كان و هاوپه‌یمانییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كۆتایی پێ هات.

جومانە غەلای ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌ ئه‌نجامدا 13 پارتی سیاسی، دوو هاوپه‌یمانی، 124 كاندیدای تاكه‌كه‌سیی كه‌ 19ـیان له‌ پێكهاته‌ی مه‌سیحین و 20ـیشیان توركمانن، تۆمار كراون.

ڕوونیشی كردبووه‌وه‌‌، سه‌باره‌ت به‌ پێكهاته‌ی مه‌سیحی، حه‌وتیان له‌ پارێزگای هه‌ولێرن، له‌ سلێمانی چوار و هه‌شتیشیان له‌ دهۆكن. هه‌روه‌ها پێكهاته‌ی توركمانیش كه‌ ژماره‌یان 20 كاندیدایه‌، 14ـیان له‌ هه‌ولێرن و شه‌شیشیان له‌ سلێمانین.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 26ـی حوزه‌یرانی ئه‌م ساڵ، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، لەلایەن خۆیەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند، کە لە وادەی دیاریکراودا پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو ئامادەییەکی خۆیی دەربڕیوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو.