دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێنج قوتابخانە لە کەرکووک نۆژەن دەکاتەوە

نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی کەرکووک لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە
نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی کەرکووک لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێنج قوتابخانەی سەر بە خوێندنی کوردی، لەکەرکوک نۆژەندەکاتەوە قوتابخانەکان لەسەر پەروەردەی حکوومەتی عێراقن، ئێستە کارکردن تێدا بەردەوامەو بڕیارە لەماوەی مانگێک تەواو بێت.

لە پشووی هاوێندا کە دەرگای قوتابخانەکان داخراون، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو دەرگایانە دەکاتەوەو دەست بەنوژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەکات.

زیاتر لە 100 کرێکار و کارمەند لە پێنج قوتابخانەی خوێندنی کوردی ڕۆژانە سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانن.

 ناسر محەمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاو ئاوەڕۆکانمان هەمووی بەتەواوی دابین کردووە و گۆڕیومانە، کاری کارەبای تەواو بووە و دابینکراوە، پێنج قوتابخانەمان بەدەستەوەیە وەکو یەک بەمزووانە تەواو دەکرێن.

پرۆژەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تەنها نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان نییە، بەڵکو لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنیش، بڕیارە پێداویستی خوێندنیش بەسەر قوتابیان دابەشبکەن.

بارزان عەلی، بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکان لەدەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی: "چەندان پرۆژەی دیکەش هەبوون، دابەشکردنی جانتای قوتابخانە و دابەشکردنی قەڵەم و دەفتەر، کە هەموو مانگێکی 10ـی هەموو ساڵیک بەسەر قوتابیان لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی خوێندنی قوتابخانەکان دابەشکراوە و بەردەوامین لە دابەشکردنی".

لەکەرکوک زیاتر لە 500 قوتابخانە و باخچەی ساوایان هەیە کە سەر بەخوێندنی کوردیە.

لە کەرکوک خوێندنی کوردی تەنها دامەزراوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە ، مەنهەجی خوێندن سەر بەوەزارەتی پەروەدەی هەرێمەو لەرووی ئیداریشەوە سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراقە، بەڵام حکوومەتی عێراق ئامادەی هاوکاری خوێندنی کوردی نییە لەشارەکە.