پارێزگاری نەینەوا سەرکۆنەی لێدوانەکەی قاسم شەشۆ دژی پێغەمبەری ئیسلام دەکات

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا

K24 – هەولێر:

پارێزگاری نەینەوا لە ڕاگەیاندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو لێدوانە سوکایەتییەی قاسم شەشۆی کرد، کە دژی پێغەمبەر محەممەد(دخ) دابووی.

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: بەتوندی سەرکۆنەی ئەو لێدوانە هێرشبەرانەی قاسم شەشۆ دژی پێغەمبەرمان محەممەد (دخ) دەکەین.

پارێزگاری نەینەوا دووپاتی دەکاتەوە، ئەم لێدوانە هێرشبەرانە نوێنەرایەتی برا ئێزدییەکانیان ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی خودی قاسم شەشۆ دەکات. هاوکات گوتی: نابێت ڕێگە بە هیچ لایەنێک بدەین ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە نەینەوا.

ناوبراو گوتیشی: پێویستە هەموومان لەو دۆخە نالەبارەدا لەگەڵ برا ئێزدییەکاندا بوەستین و پاڵپشت و هاوکاریان بین، چونکە هێشتا زۆرێکیان بەهۆی کۆمەڵکوژییەکەوە بێسەروشوێنن.

عەبدولقادر دەخیل، جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە لە هەوڵەکان بەردەوام بن بۆ گەڕان بەدوای ئەو هاووڵاتیی ئێزدییانەی کە بێسەروشوێنن، هەروەها نابێت ڕێگە بە کەسانێک بدرێت لە ڕێگەی لێدوانەکانیان درز  بخەنە نێوان ئێزدیی و موسڵمانان.