جۆو بایدن قەدەغە لەسەر فرۆشتنی جۆرێک چەک بە سعوودیە هەڵدەگرێت
سێ سەرچاوەی ئاگەدار بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، ئیدارەی جۆو بایدن، بڕیاری دا قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی هێرشبەری ئەمەریکایی بە سعوودیە هەڵبوەشێنێتەوە.
جۆو بایدن، سێ ساڵ پێش ئێستا بڕیاری دا فرۆشتنی چەکی هێرشبەر بە سعوودیە ڕابگرێت، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی.
بەرپرسێکی ئەمەریکی لە کۆنگرێس دەڵێت: ئیدارەی بایدن لەم هەفتەیەدا یاسادانەرانی لە بڕیارەکەی ئاگادار کردۆتەوە دەربارەی هەڵگرتنی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی هێرشبەر بە سعوودیە.
جگە لەوەش، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی جۆو بایدن ڕایگەیاند،"سعوودییەکان ڕێککەوتنەکەیان جێبەجێ کردووە، ئێمەش لەلای خۆمانەوە ئامادەی جێبەجێ کردنین. ئاماژەی بەوەش کرد، فرۆشتنی چەک بە ئاگادارکردنەوە و ڕاوێژکردن بە کۆنگرێس دەگەڕێتەوە بۆ هەمان سیستمی ئاسایی".
ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز پێشتر لەسەر زاری کاربەدەستانی ئەمەریکی بڵاوی کردبووەوە، کە پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەمەریکا ئەو قەدەغەیەی لەسەر فرۆشتنی "چەکی هێرشبەر" بە سعوودیە سەپاندبوو، هەڵبوەشێنێتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی ڕوونیشی کردبووەوە، "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش چووە، بەتایبەتی دوای هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمەش باوەڕی واشنتۆنی پتەوتر کرد کە پێویستی بە هاریکاریی سعوودیە هەیە لەسەر پرسە گەورەکان لەوانە وزە، هەروەها پاڵپشتی سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".