ئه‌مڕۆ ژمارەی هاوپه‌یمانێتی و پارت و كاندیدان دیاری ده‌كرێت

هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان (وێنە: ئەرشیف)
هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان (وێنە: ئەرشیف)

ئه‌مڕۆ تیروپشك بۆ پێدانی ژماره‌ به‌ هاوپه‌یمانێتی و پارت و كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ شەممە، 10-08-2024، له‌ هه‌ولێر تیروپشکی تایبه‌ت به‌ پێدانی ژماره‌ به‌ هاوپه‌یمانێتی، پارت و كاندیده‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شەشەمی په‌رله‌مانی كوردستان بکرێت.

بە گوێرەی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی كۆمیسیۆنی عێراق؛ تیروپشکەکە‌ كاتژمێر 10:00ـی ‌به‌یانی له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی هاوپه‌یمانێتی، پارت و كاندیده‌كان دەکرێت.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. 

دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: 32 کورسی

2.  سلێمانی: 36 کورسی

3.  دهۆک: 24 کورسی

4.  هەڵەبجە: سێ کورسی

(کۆی گشتی: 95 کورسی)

دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: دوو کورسی

2.  سلێمانی: دوو کورسی

3.  دهۆک: یەک کورسی

4.  هەڵەبجە: سفر کورسی

(کۆی گشتی: 5 کورسی)