رەحیم ستێرلینگ لە لایەن یانەیەكی گەورەی ئیتاڵیا داخوازی كراوە
دی مارزیۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە، رەحیم ستێرلینگ هێرشبەری یانەی چێڵسی، بووەتە ئامانجی ئەم هاوینەی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵیا و گفتوگۆ سەرەتاییەکانیش لە نێوان هەردوولا دەستیان پێکردووە.
بە گوێرەی رۆژنامەنووسە ئیتاڵیاییەكە چاوەڕێ دەکرێت ئەو گرێبەستە سەربگرێت و یاریزانەکەی بلوز، وەرزی داهاتوو لە سێریا ئەی بە درێسی خانمە پیرەکە دەربکەوێت.
ستێرلینگ سەرەڕای ئەوەی سێ ساڵ لە گرێبەستەکەی لەگەڵ چێڵسی ماوە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی چوونی پێدرۆ نێتۆ بۆ ریزەکانی یانە لەندەنیەکە، ستێرلینگ چیدیکە دەرفەتی ئەوەی نەبێت لە پێکهاتەی سەرەکی یاریی بکات، بۆیە ئەو یاریزانە بیر لە جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی دەکاتەوە.
ستێرلینگ تەمەنی 29 ساڵە، سەرەتای درەوشانەوەی لە یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بوو كاتێك لە 2012 پەیوەندی بەو یانەیە كرد، لە كۆی 129 یاری، 23 گۆڵ و 18 ئاسیستی هەبوو، دواتر بەرەو مان سیتی رۆیشت و ئاستی گەیشتە لوتكە كاتێك لە 339 یاری، 131 گۆڵ و 73 ئاسیستی تۆمار كرد.