سیروان بارزانی: مەترسییەکانی داعش بەردەوامە و جموجۆڵیان هەیە
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، مەترسییەکانی داعش بەردەوامە و جموجۆڵیان هەیە، سەرباری ئەوەی ئایدۆلۆژیاکانی بۆ ئایندەش پڕ مەترسییە.
شەممە 10ـی ئابی 2024، لە ساڵیادی ئازادکردنی گوێڕ-مەخموور، سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری گوێڕ-مەخمووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند: جموجۆڵەکانی داعش بەردەوامە و مەترسیی جدییە. گوتیشی: پێویستە شەڕی ئایدۆکۆژیا و سەربازیی داعش بکرێت چونکە ئایدۆلۆژیا توندڕەوییەکەی ماوە و مەترسییەکە بەردەوامە، ئەوان لە دەرفەت دەگەڕێن گورز لە خەڵکی سڤیل و هێزەکانی ئەمنی دبدەن بەتایبەت لەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنی هەیە.
سیروان بارزانی دەڵێت: ئازادکردنی داعشەکان لە سووریا، مەترسی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دروست دەکەن، چونکە مۆراڵ دەداتە شانە نووستووەکانیش کە دەبنە مەترسیی لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەکە.
دەشڵێت: هێزەکان ناتوانن ئەو بۆشاییە ئەمنییە کۆنترۆڵ بکەن کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سووپای عێراقی هەیە، گوتی: پێویستە لیوا هاوبەشەکان ئەو بۆشاییە ئەمنیە تپڕ بکەنەوە.
لەبارەی پشتیوانی هاوپەیمانانیش دەڵێت: پشتگیریی هاوپەیمانان لەبیر ناکرێت بۆ پێشمەرگە بەتایبەت لە ئازادکردنی گوێڕ و مەخموور، ئێستەش پشتیوانییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەردەوامە وەک پێدانی چەک بە پێشمەرگە.
سیروان بارزانی باسی لەوەش کرد: ئازادکردنی مەخموور کارێکی ئاسان نەبوو، چونکە چەکی زۆر قورسییان لە بەر دەستدا بوو، ئەو چەکەی کە هی سوپای عێراقی بوو، بەڵام بە ڕوحیەتی پێشمەرگە و سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی هێزەکان و میحوەرەکان کە دابەشکران، سەرۆک بارزانی بەردەوام لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەرەکان لەسەر هێل بوو تاکوو داعش بەدەستی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لەسەر ئاستی جیهاندا شکستی پێهێنرا، بەوەش پێشمەرگە مێژووی تۆمار کرد.
ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر ئازادکردنی گوێڕ- مەخموور لە دەستی داعش بە قارەمانییەتی پێشمەرگە سەرکردایەتیی کردنی سەرۆک بارزانی،پشتگیریی هێزەکانی هاوپەیمانان تێدەپەڕێت، لەو کاتەی کە داعش نزیک بووبووەوە لە هەولێری پایتەخت.