مەسرور بارزانی: خۆشحاڵبووم کە بەشداریم لە نمایشی دەرچووانی ئەکادیمیای سەربازیی ساندهێرست کرد

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئارین بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئارین بارزانی

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریی لە نمایشی دەرچووانی ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی ساندهێرست دەربڕی.

ڕۆژی هەینی 9ـی ئابی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نمایشی دەرچووانی خولی 233ـیەمین ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی ساندهێرست بەڕێوە چوو، لە ڕێوڕەسمەکەدا بەرپرسانی باڵای بەریتانیا و وڵاتان ئامادەی بوون.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "خۆشحاڵبووم کە بەشداریم لە نمایشی دەرچووانی ئەکادیمیای سەربازیی ساندهێرست کرد".

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا "پیرۆزبایی" لە هەموو دەرچووان دەکات.

قوتابییانی نێودەوڵەتیی لە خولی 233 لە ئەکادیمیایی سەربازی ساندهێرستی شاهانەی بەریتانیا، مەدالیای تەواوکردنی مەشق و ڕاهێنانیان وەرگرت.

یەکێکیش لە دەرچووانی ئەو ئەکادیمیایە ئارین بارزانی بوو، کە لە نێو 290 کەسدا مەدالیایی پێ بەخشرا، کە هێمای پاشای بەریتانیای لەسەرە.

ئەو مەدالیایە لە ساڵی 2016وە دەدرێتە ئەو قوتابییانەی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەو خولەدا بەشداربوون، لە کۆرس و تاقیکردنەوەی سەربازی ئەکادیمیایی شاهانەی ساندهێرستی بەریتانیا.

ئەکادیمیای سەربازی شاهانە دوو سەدەیە دامەزراوە، لە ژێر ناوی "خزمەت بکە تاکو سەرکردایەتی بکەی"، لەو ئەکادیمیایە چەند جۆرێک کۆرس وەردەگرن، لەوانەی کۆرسی ماوە کورت کە هەشت هەفتە دەخایەنێت، لەگەڵ کۆرسی ماوە درێژ کە 44 هەفتە دەخایەنێت.

ئەکادیمیای سەربازی شاهانە ساندهێرست کۆلێژێکی سەربازی کۆنی بەریتانیایە کە لە ساڵی 1802 دامەزراوە، یەکێکە لە ئەکادیمیا سەربازییە بەناوبانگەکانی بەریتانیا و بە ناوەندێکی سەرەتایی مەشق و ڕاهێنانی ئەفسەرانی سوپای شاهانەی بەریتانیا دادەنرێت. کۆلێژەکە دەکەوێتە شارۆچکەی ساندهێرس، بێرکشایر، لە کاتێکدا دەرگای سەرەکییەکەی دەکەوێتە شارۆچکەی کامبەرلی، باشووری ڕۆژئاوای لەندەن.

ئەو کۆلیژە ئامانجی ئەوەیە کە ببێتە ناوەندێکی نیشتمانی بۆ سەرکردایەتیکردنی هەموو ئەفسەرانی سوپای بەریتانیا لە ئەکادیمیاکەدا، هەروەها ڕاهێنان بە هەموو ئەو قوتابیانە دەکرێت کە لەم زانکۆیە وەرگیراون، قوتابیانی ئەم زانکۆیە پێکدێت لە کور و کچ، هەورەها بۆ ئەوەی ببن بە یەکێک لە ئەفسەرانی سوپای شاهانەی بەریتانیا و کۆلێژی ساندهێرس هاوتای کۆلێژی ڕۆیاڵ ناڤاڵ بریتانیا و کۆلێژی کرانوێڵی هێزی ئاسمانی شاهانەی سوپای بەریتانیایە.