تورکیا.. لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە 288 هەزار ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراوە

بەگوێرەی تۆمار و ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی تورکیا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 288 هەزار و 610 ڕووداوی هاتوچۆ لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان تۆمار کراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆی ڕووداوەکاندا هەزار و 271 کەس مردوون و 177 هەزار و 450 کەسیش برینداربوونە. بە شێوەیەکی گشتی، لە 121 هەزار و 763 ڕووداوی هاتووچۆدا حاڵەتی مردن و برینداربوون تۆمارکراوە. هەروا لە 166 هەزار و 847 ڕووداودا تەنیا زیانی ماددی تۆمارکراوە بەبێ بوونی قوربانی.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی تورکیا ڕایگەیاندووە، لە 130 هەزار و 554 ڕووداوەکاندا، شوفێران سەرپێچیکار بوون.
هەروەها بە گوێرەی پۆلێنی ڕووداوەکان، لە 202 هەزار و 449 ڕووداوی هاتوچۆدا 95 هەزار و 577 یان ئۆتۆمبیلی بچووک، 41 هەزار و 964ـیان ماتۆڕسکیل و 26 هەزار و 652ـیان بارهەڵگر بوون. هەروا 17 هەزار و 775ـیان پاسکیلسوار بوون. ڕووداوەکانی دیکە کە ژمارەیان 20 هەزار و 488 حاڵەتە، ئەوانیش پاس، مینی پاس، تراکتۆر و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە یان ئامێرەکان بیناسازی بوون. زۆرترین ڕووداوی هاتوچۆ لە ئیستانبوڵ تۆمار کراوە کە ژمارەیان 44 هەزار و 370ـیە، ئەنقەرەی پایتەختیش بە 40 هەزار و 860 ڕووداوی هاتووچۆ لە پلەی دووەم دێت. لە پلەی سێیەمیش ئیزمیر دێت کە 19 هەزار و 367 حاڵەت تۆمار کراوە.