شەشەمین فێستیڤاڵی جیلۆ لە نێو سروشتی جۆلەمێرگ بەڕێوە چوو

شەشەمین فێستیڤاڵی جیلۆ لە پارێزگای جۆلەمێرگ - باکووری کوردستان
شەشەمین فێستیڤاڵی جیلۆ لە پارێزگای جۆلەمێرگ - باکووری کوردستان

لە بناری چیای جیلۆیە، بە بەرزایی ناوچەکە سێ هەزار و 400 مەتر لەسەر ئاستی دەریا، لە شارۆچکەی گەڤەری جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، شەشەمین فێستیڤاڵی جیلۆ بە ناوی جیلۆ فێست بەڕێوە چوو.

دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە، نزیکەی شەش ساڵە ئارامیی بۆ ئەو ناوچەیە گەڕێندراوەتەوە و هەزاران کەس بۆ بەشداربوون لە ڤێستیڤاڵەکە دێنە ئەو ناوچەیە؛ تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ بەشداریی لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵی جیلۆ گەشتی ئەو ناوچەکە دەکەن.

هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان کە تایبەت بۆ بەشداربوون لە شەشەمین فێستیڤاڵ جیلۆ چووەتە باکووری کوردستان دەڵێت: لە هەولێرەوە هاتووم و دووەمین جارە بەشداریی ئەم فێستیڤاڵە دەکەم، دڵخۆشم بە بڕگە و چالاکییەکانی و خەڵکێکی زۆر ساڵانە ئامادەی فێستیڤاڵەکە دەبن.

ناوچەکە پێشوازیی لە خەڵکێکی زۆر دەکات، هاوکات ژمارەیەک زۆر لە چالاکی فەرهەنگی و هونەری لەو ناوچەیە بەڕێوە دەچێت. دانیشتووانێکی دیکەی هەرێمی کوردستان کە لە فێستیڤاڵەکە بەشدارە، دەڵت: خۆشحاڵە دیسان سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەمەوە؛ من لە هەولێرەوە هاتووم، سروشتی ناوچەکە زۆر سەرنجڕاکێشە و لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە شاخی جیلۆ لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگە بۆ چالاکییەکان دەرباز بووین، ئێستاش کە بە ئازادی هاتوومەتەوە ناوچەکە زۆر خۆشخاڵم.

هێشتا بەفری زستانی ڕابردوو قەدپاڵەکانی شاخی جیلۆی بەرنەداوە و دەریاچەی نێو دۆڵی نێوان شاخەکانی هێندەی دیکە سروشتی ناوچەکەی ڕازاندووەتەوە، هەموو ئەمانە وایان کردووە لە شەشەمین فێستیڤاڵی جیلۆ چەندین چالاکی وەرزشی و سەرگەرمی بەڕێوەبچن، لەوانە ڕافتینگ، کۆنسێرت و میوزیک، خلیسکانێ و چەندین چالاکیی دیکە لەو شوێنە دەکرێن. تەنیا ئەمساڵ 25 هەزار سەردانیکەر و گەشتیار بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

Fly Erbil Advertisment