خالید عەباس: دەنگدانی ئەزموونی لە دهۆک سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو
خالید عەباس بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دهۆک سەرکەوتووبووە، ئامێرەکانی خوێندنەوەی پەنجەمۆر، جیاکردنەوەی دەنگەکان و ناردنی ئەنجامەکان هیچ کێشەیەکیان تێدا نەبووە.
ڕاشیگەیاند، مانگی داهاتوو دەنگدانێکی دیکەی ئەزموونی دەکەن، لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر دابەشکردنی کارتی بایۆمەترییە بەسەر دەنگدەران.
دووشەممە 12ـی ئابی 2024، خالید عەباس بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دەنگدانی ئەزموونی لە پارێزگای دهۆک سەرکەوتوو بووە، ئامێرەکان بە باشی کاری خۆیان کردووە، ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی و دەستیی وەکو یەک بووە، دەشڵێت: لە ئایندەدا دەنگدانێکی فراوانتر بکەن لەڕێگەی کارمەندانی کۆمیسیۆن لە دەبنە دەنگدەر، هاوکات بۆ پۆلیس بنکەی دەنگدان دەکەینەوە، بۆ ئەو قۆناغە تیشک دەخەینە سەر دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری کە بەردەوام دەبێت تا 17ـی مانگی 10.
ڕۆژی 10ـی تەمموزی 2023، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و ڕۆژى 18ـی تشرینی دووەمی 2023ی وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد و داواى لە كۆميسۆنى کرد ئامادهيى نيشان بدات بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردن لهو ڕۆژەدا، یاخود لهگهڵ ڕۆژی بەڕێوەچوونی ههڵبژاردنى ئهنجوومهنى پارێزگاکانی عێراق له 18ـی کانوونی یەکەمی 2023.
پێشتریش، لە 24ی شوباتی 2022 سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی 1ـی تشرینی یهكهمی 2022 واژۆکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواخرا.