محەمەد ڕەحیم: هەزاران دز پارە و سامانی عێراق دەبەنە دەرەوەی وڵات

محەمەد ڕەحیم، سەرۆکی دەزگای نەهرێن بۆ پاڵپشتی شەفافییەت و دەستپاکی
محەمەد ڕەحیم، سەرۆکی دەزگای نەهرێن بۆ پاڵپشتی شەفافییەت و دەستپاکی

سەرۆکی دەزگای نەهرێن بۆ پاڵپشتی شەفافییەت و دەستپاکی لە عێراق ئاشکرای دەکات، سەرباریی گەڕاندنەوەی پارەیەکی زۆر و چەند دزێک لە دەرەوەی وڵات بۆ نێو عێراق، هێشتا هەزاران دز ماون بگەڕێندرێنەوە کە بە دزیی پارەی عێراقییان گواستووەتەوە دەرەوەی وڵات.

دووشەممە 12ـی ئابی 2024، محەمەد ڕەحیم، سەرۆکی دەزگای نەهرێن بۆ پاڵپشتی شەفافییەت و دەستپاکی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە و سامانی گشتی لە عێراق بەردەوامە بەهۆی ئەو سیستەمە سیاسییەی ئێستا لە دەسەڵات دایە کە بووەتە هۆی دواکەوتن و چەقینی وڵات لە شوێنی خۆیدا، هاوکات بووەتە هۆی نەبوونی شەفافییەت لە دام و دەزگاکانی حکوومەت و ئیدارەدانی دەوڵەت، وای کردووە عێراق نەتوانێت بوودجەی خۆی بەشێوەی ڕاستەقینە ئامادە بکات، دەڵێت: بەپێی زانیاریی و ڕاپۆرتەکان، سەدا 30 ـی بوودجەی عێراق بەهەدەر دەدرێت.

دەشڵێت: ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، دەستەی دەستپاکی هەوڵێکی داوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی کە بەدزیی بردراوەتە دەرەوەی عێراق، هاوکات توانیویەتی 29 کەس لەوانە بگەڕێنێتەوە عێراق کە بەرپرسن لە دزینی پارەی عێراق و بردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، 43 کەسی دیکەش لەنێو 70 کەس لە وڵاتان دەگەڕێندرێنەوە کە دەستییان لە دزیی پارەی عێراق هەبووەم گوتی: ئەو کەسانە بە تەنها ناتوانن ئەو هەموو پارەیە بدزن، کەسی دیکەیان لە پشتە، بەڵام هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی دزەکان بۆ عێراق هەیە کە هەزارانن.

گوتی: ئەو دۆخە بەردەوام بێت، کاریگەریی لەسەر ناوبانگی عێراق دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەوتیدا، ئەو دزییە خەڵکێکی لە پشتەوەیە کە دەسەڵاتییان لە حکوومەتی عیراقی زیاترە، پێشی وایە هەبوونی گرووپی چەکدار لەدەرەوەی دەوڵەت، دەبێتە هەڕەشە لەسەر سیستەمی سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، گوتی: بەشێک لەو چەکدارانە هەڕەشە لە سەرمایەداران دەکەن، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی عێراق دەیەوێت ژینگەیەک بۆ وەبەرهێنان دروست بکات.

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل