مونا یاقو: سوکایەتی و بێڕێزی بەهیچ ئاین و باوەڕێک قبوڵناکەین

مونا یاقو سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم رایگەیاند: سوکایەتی و بێڕێزی بەهیچ ئاین و باوەڕێک قبوڵناکەن و دەستەی مافی مرۆڤ چەندین کەیسی سوکایەتیکردن بە ئاینی، ڕەوانەی دادگاکان کردووە و لەسەر ئەم کارەشی بەردەوام دەبێت.
یاقو گووتیشی: یەکەمین شت هەرێمی کوردستانی پێبناسرێتەوە بابەتی پێکەوەژیانە و دەبێت بیپارێزین.
مونا یاقو سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا دووشەممە 12ـی ئابی 2024، گوتی: هەر کێشە و کەم و کوڕییەک لە پرسی پێکەوە ژیان هەبێت، پێویستە بەزووترین کات چارەسەریی بۆ بدۆزینەوە و لە هۆکارەکانی بکۆڵینەوە، هاوکات هەوڵی نەمانی بدەین، دەشڵێت: قەبوڵ ناکەین بێڕێزی بەرامبەر هەر ئاینێک بکرێت، ئاشکرای کرد دەستەکە چەند کەیسێکی لەسەر ئەو پرسە هەیە و ئێستا ئەو کەیسانە لە دادگان، یەکێک لەو کەیسانە بێڕیزیکردن بوو بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام.
گوتی: دەستەی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر ئاین و بیر و باوەڕێک لە هەرێمی کوردستان هەبێت، پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت، ئەگەر ڕێزی لێ نەگیرا و بە ئاشکرا بێ ڕێزیی بەرامبەر کرا، ئەوە تاوانە و دەبێت ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە بەپێی یاسای سزاکانی عێراقی لەساڵی 1969.