خالید مەفرەجی: کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک نایاساییە

خالید مەفرەجی، سەرۆکی حزبی سیادە لە کەرکووک
خالید مەفرەجی، سەرۆکی حزبی سیادە لە کەرکووک

گوتەبێژی پارتی سیادە ڕایدەگەیەنێت: بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک نایاساییە.

خالید مەفرەجی گوتەبێژی پارتی سیادە تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند: بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک نایاساییە، چونکە پێچەوانەی ماددەی 7 ـی یاسای پارێزگاکان و ماددەی 13 لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

مەفرەجی دەڵێت: حەوت ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەکە ئاگەدار نەکراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێکهاتەی سەرەکی ئامادە نەبوو کە تورکمانەکان و نیوەی ئەندامانی عەرەب و پارتی دیموکراتی کوردستانن، کەواتە نیوەی پێکهاتەی پاریزگاکە ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.

بەرەی تورکمانی ڕایگەیاندووە، سێشەممە (13ـی ئابی 2024) کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە، لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک، خۆپیشاندانێکی جەماوەری فراوان بۆ ڕەتکردنەوەی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەکەی بەغدا لە بارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک، ڕێکدەخەن.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.