مەلا بەختیار: هیوادارم ڕێبوار تەها ئەگەر بمێنێت، سەرکەوتوو بێت
مەلا بەختیار دەڵێت: هیوادارم ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک، ئەگەر بمێنێت، سەرکەوتوو بێت، دەشڵێت: خەتێک بەژێر ئەو وشەیەمدا "ئەگەر بمێنێت" بهێنن.
مەلا بەختیار لەمیانی بەشداریکردنی بەرنامەی ئێكسی کوردستان24، گوتی: هیوادارم ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک ئەگەر بمێنێت، سەرکەوتوو بێت، دەشڵێت: من ئیشکالێکی گەورە لەو پرۆسەیە دەبینم.
بەرنامەی ئێکس ڕۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 9ـی شەو لە شاشە و سۆشیالمێدیای کوردستان24 پەخش دەکرێت و کۆڤان عزەت پێشکەشی دەکات، مەلا بەختیار لە بەرنامەی ئێكس لەگەڵ دۆخی کەرکووک، باس لە چەند تەوەرێکی گرنگ و هەستیاری ناوخۆی یەکێتی و دۆخی سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەکات.
خالید مەفرەجی، گوتەبێژی پارتی سیادە تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند: بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک نایاساییە، چونکە پێچەوانەی ماددەی 7 ـی یاسای پارێزگاکان و ماددەی 13 لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
بەرەی تورکمانی ڕایگەیاندووە، سێشەممە (13ـی ئابی 2024) کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە، لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک، خۆپیشاندانێکی جەماوەری فراوان بۆ ڕەتکردنەوەی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەکەی بەغدا لە بارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک، ڕێک دەخەن.
شەوی شەممە، 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادار نەکراونەتەوە.