پارێزگاری بێلگۆرەدی ڕووسیا: هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکان زیادیکردووە
لەماوەی دوو ساڵ و نیودا، زیاتر لە 30 هەزار خانوو و شوققە لە سنووری پارێزگاکەدا زیانیان پێگەیشتووە

K24 – مۆسکۆ:
ڤیچیسلاڤ گلادکۆڤی پارێزگاری بێلگۆرەدی ڕووسیا ڕایگەیاند، دۆخی ناوچە سنوورییەکان دژوارە و هێرشی درۆنی و بۆردوومانکردنی گوند و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای بێلگۆرەد لەلایەن ئۆکرانیاوە زۆر زیادیانکردووە.
گلادکۆڤ ئەوەشی خستووەتەروو، لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا، زیاتر لە 30 هەزار خانوو و شوققە لە سنووری پارێزگاکەدا زیانیان پێگەیشتووە، تاوەکوو ئێستا 25 هەزار شوێنی نیشتەجێبوونیان نۆژەن کردووەتەوە.
پارێزگاری بێلگۆرەد گووتی، لە ناوچەی شێبیکینۆ 50-70%ـی دانیشتووان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە. هەروەها گوتیشی، ڕۆژانە هەرێمەکە سێ بۆ پێنج جار دووچاری هێرشی ئۆکرانیا دەبێتەوە، بۆیە نۆژەنکردنەوەی خانووەکانی ناوچەکە زۆر دژوار بووە.
گلادکۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی 300 هاووڵاتی مەدەنی برینداربوون و 36 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. دوای ڕووداوەکانی دوێنێش، بڕیاردرا ناوچەی کراسنەیاڕوژسک چۆڵبکرێت، لەو ماوەیەدا نزیکەی 10 هەزار کەس بۆ ناوچەی ئارام گواستراونەتەوە.
گڵادکۆڤ پێشنیازی کرد، لە ئەگەری وێرانبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان بەهۆی بۆردوومانەوە، حکوومەت لەو قەرزانەی زیانپێگەیشتووان خۆشببێت کە بۆ بنیاتنانی خانووەکانیان پێشووتر وەریانگرتووە و خانووی نوێش بە قەرزی درێژخایەن بە زەرەرمەندان بدات.
ئەم قسانەی ڤیچیسلاڤ گلادکۆڤی پارێزگاری بێلگۆرەد، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیادا هات کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.