لە بەغدا گرووپێکی ڕفێنەر و بازرگانیی بە مرۆڤ دەستگیرکران

هێزی ئەمنی عێراق (وێنە: ئەرشیف)
هێزی ئەمنی عێراق (وێنە: ئەرشیف)

لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا لەناو جەرگەی بەغدا، پێنج ئەندامی گرووپێکی ڕفاندن و بازرگانیی بە مرۆڤ دەستگیرکران، کە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان خەڵکی بەنگلادیشە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کردووە، هێزێکی سەر بە پۆلیسی کەرخ هەڵیانکوتاوەتە سەر یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سەیدیە و پێنج کەسیان دەستگیر کردووە، کە ئەندامی گرووپێکی ڕفاندن و بازرگانیی بە مرۆڤ بوون و لە نێوان دەستگیرکراوەکاندا کەسێکی بە ڕەچەڵەک بەنگلادیشی هەیە، بەڵام ئەوانی دیکە عێراقیین کە یەکێکیان کچێکی لەدایکبووی ساڵی 2007 ـە.

هەر بە گوتەی سەرچاوەکە، لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا توانراوە کچێکی ڕفێندراو ئازاد بکەن کە لەدایکبووی ساڵی 2006ـە، کە لە ناو شوقەکەدا دەستبەسەر کرابوو، هەروەها دەستگیراوە بەسەر پارچە چەکێک و سێ نارنجۆکدا.

Fly Erbil Advertisment