قۆناغی دووەمی کارکردن بۆ چارەکردنی کێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر دەستی پێ کرد

پرۆژەی ئاوەڕۆ
پرۆژەی ئاوەڕۆ

بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: قۆناغی دووەمی کارکردن بۆ چارەکردنی کێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو لە شەقامی 150 مەتریی و ڕێگەی هەولێر-شەقڵاوە دەستی پێکردووە، جێبەجێکردنی هەردوو قۆناغەکەش هەشت ملیار دیناری تێ دەچێت، ڕاشیگەیاند: هەوڵ دەدرێت قۆناغی دووەم پێش وەرزی باران بارین تەواو بکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، درێژی پرۆژەکە سێ کیلۆمەترە، ئاوەڕۆکەی 3x3 یە، بە تەواوبوونی، کێشەی دروستبوونی لافاو لە پشت شەقامی 150 مەتری کۆتایی پێ دەهێنێت.

زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر ڕایگەیاند: پرۆژەکە لە شەقامی 150 مەتری بەنێو گوندی کەلەکیندا تێپەڕ دەبێت بۆ سەر ڕێگەی هەولێر-پیرمام و شۆڕ دەبێتەوە بۆ پیرزین، بەپێی ئەو پلانەی داندراوە، ئەمساڵ دوو ئاوەڕۆی سندووقی دیکە لەگەڵ ئەو پرۆژەیە زیاد دەکرێت، بەمەش ژمارەی ئاوەڕۆ سندووقییەکان دەبنە چوار بە درێژایی 60 مەتر بۆ هەر سندووقێک لە شەقامەکە، ئاو لەلای ڕاستی شەقامەکە دەگوازێتەوە لای چەپ.

تێچووی قۆناغی دووەمی پرۆژەکە چوار  ملیار دینارە کە لەسەر بوودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سێ مانگ جێبەجێ دەکرێت .

Fly Erbil Advertisment