نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی کوژراوانی غەززە قۆناغێکی مەترسیدارە بۆ هەموو جیهان

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینی لە شەڕی کەرتی غەززە، کە ماوەی 10مانگە بەردەوامە، 40 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش "قۆناغێکی مەترسیدارە بۆ هەموو جیهان".

تورک لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: "بە تێکڕا لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە نزیکەی 130 کەس لە غەززە کوژراون، ڕادەی ئەو وێرانکارییەی لەسەر دەستی سوپای ئیسرائیل کەوتۆتە سەر ماڵ و نەخۆشخانە و قوتابخانە و شوێنەکانی پەرستن لە ڕادەبەدەرە شۆکهێنەرە".

ناوبراو دەشڵێت: "هەموو جیهان ئەمڕۆ دەچێتە قۆناغێکی تاریکەوە، دانیشتوانی غەززە ئەمڕۆ ماتەمینی 40 هەزار کوژراوی دەگێڕێت، کە زۆربەی قوربانییەکان ژن و منداڵن".

جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم دۆخە باوەڕ نەکراوە، بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی یاساکانی جەنگ لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوەیە.

دوێنێ پێنجشەممە، 15ـی ئابی 2024، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، سەر بە بزووتنەوەی حەماسە ڕایگەیاند "کۆی کوژراوانی غەززە 40 هەزار کەسی تێپەڕاند".

وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە، تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا تاوەکوو بەرەبەیانی پێنجشەممە 15ی ئاب، بەهۆی هێرش و بۆمبارانەکانی سوپای ئیسرائیل 40 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، بەمەش کۆی کوژراوانی کەرتەکە لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە تاوەکوو ئەمڕۆ گەیشتووەتە 40 هەزار پێنج کەس کە زۆرینەیان ئافرت و منداڵ و بەساڵاچووانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشێکی زۆر لە تەرمی کوژراوەکان لە ژێر داروبەری خانوو و باڵەخانە وێرانکراوەکان وێرانکراوەکاندا ماون نەتوانراوە دەربهێنرێن و بەخاک بسپێردرێن".

هەر بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکوو ئێستە زیاتر لە 92 هەزار و 401 کەس برینداربوونە و برینی بەشێکیان سەختە.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.