ڤڵادیمێر پۆتن: وەڵامی پێویستمان لەکاتی خۆیدا دەبێت

لە کاتێکدا هەوڵی نێودەوڵەتی هەبوون بۆ ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینادا، بەڵام لە بەرەبەیانی شەشی ئەم مانگەدا، سوپای ئۆکراینا هێرشی کردە سەر پارێزگای کوڕسکی ڕووسیا و ژمارەیەک گوند و شارۆچکەی کۆنترۆڵکرد.
ئەم ڕووداوە بەرپرسان و گەلی ڕووسیای توڕەکردووە. ئەلیسکاندەر دووگین، کە بە مامۆستاکەی پۆتین ناوی دەهێنرێت. لەبارەی شەڕەکەوە دەلێت، "ئەگەرەکان سەخت و مانادارن، ئەشێت بە زیانی هەموو مرۆڤایەتی کۆتایی بێت".
هێزەکانی ئۆکراینا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک گوند و شارۆچکەی سنووری پارێزگای کوڕسکی ڕووسیایان کۆنتڕۆڵکردووە.
ئەم ڕووداوە، کاربەدەست و شەقامی ڕووسی نیگەران و توڕەکردووە. هەر بۆیە ڤڵادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت، "وەڵامی پێویستمان لەکاتی خۆیدا دەبێت. هەنوکە باروودۆخەکە هێندە دژوارە، زۆرێک لە پسپۆڕان پێیان وایە، هیچ کات هێندەی ئێستە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم، نزیک نەبووە".
ئەلیکساندەر دوگین، بیرمەندی ڕووسی بە کوردستان24 دەڵێ، ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا و ناتۆ لە جەنگدایە، ڕاستە ناتۆ بەتەواوی هێزەوە بەشدار نییە، بەڵام کەرەستەو ئامرازە جەنگییەکانی لە مەیدانەکەدان، بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆی ڕووسیا و ناتۆ، هێشتا کەلێن ماوەتەوە، هەرچەندە هیچکام لە لایەنەکان بە فەرمی شەڕی نێوانیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام پەیام و ئاماژە بەم ئاڕاستەیەدا هەیە، ئێستە جەنگی نێوان ناتۆ و ڕووسیا تاڵە موویەکی ماوە، ئێمە هەر چاوەڕوانی سەرکەوتن دەکەین، بەڵام مێژوو پرۆسەیەکی ئاوەڵایە و ناکرێت بە شێوەی میکانیکی ئاڕاستە بکرێت، بەتایبەت ئەگەر باس لە زلهێزێکی مەزن بکرێت کە چەکی ئەتۆمی هەیە، ئێمە بەرە و سەرکەوتن هەنگاو دەنێین و نازانین چۆن کۆتایی دێت. ئەگەرەکان سەخت و مانادارن، ئەشێت بە زیانی هەموو مرۆڤایەتی کۆتایی پێ بێت" .
بریج: لە کاتێکدا هەندێ هەوڵی نێودەوڵەتی هەبوون بۆ ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینادا، بەڵام هێرشەکەی شەشی ئاب بۆ سەر کوڕسک، ریسەکەی کردەوە بە خوری. هاتووینە پەرلەمانی رووسیا و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دوومای رووسی دەڵێت، تەنیا بژاردەی سەرکەوتنمان لەپێشە.
لای خۆیەوە پیۆتر تۆڵستۆی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕووسیا لەم شەڕەدا سەردەکەوێت، بە پلانداڕێژراوی بەرەو ئەم سەرکەوتنە هەنگاو دەنێین، پاش سەرکەوتن لەگەڵ ئێوە لە کیێڤ یەکدەبینینەوە و گەنگەشەی داهاتووی ئەو وڵاتە دەکەین.
تادێت جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بە پشتیوانی و هاوکاری سەربازی نەیارانی کرێمل زیاتر پەرەدەستێنێت. کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی پارێزگای کوڕسکی ڕووسیاش لە لایەن کیێڤەوە، ڕەوشەکەی هێندەی دیکە دژوار کردووە. هەربۆیە کاربەدەست و پسپۆڕانی ڕووس دەڵێن، "تەنانەت بەهەر جۆر و نرخێک بێت، جەنگەكە دەبێت لە بەرژەوەندی ڕووسیا یەکلایی ببێتەوە".
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئێوارەی چوارشەممە 14ی ئابی 2024 ڕایگەیاند: هێزەکانیان توانیویانە بەر لە هێرشی یەکە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بۆ چوونە نێو سنووری هەرێمی کورسک بگرن و هێرشەکە تێکشکێنن.
هەر بە گوێرە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، لە سنووری کۆرسک توانراوە 18 سەربازی ئۆکرانیا بە دیل بگرن و کۆی زیانەکانی ئۆکرانیا، کوژرانی دوو هەزار و 300 سەرباز و تێکشکاندنی 37 تانک و 32 زریپۆش بووە.
هەروەها مێدیا ئەورووپییەکان بڵاوین کردووەتەوە "بە گوێرە زانیاریی و ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، لە سنووری کۆرسک هێزەکانی ئۆکرانیا سەرەڕای زیانێکی زۆر، بەڵام هێشتا لە چەند خاڵێکەوە توانای پێشڕەویان هەیە و چەند گوندێکیشیان کۆنترۆڵ کردووە".
هەر بەهۆی پەڕینەوە جەنگ بۆ نێو خاکی ڕووسیا پارێزگاری بێلگورۆد، ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ، لە دوێنێ چوارشەممەوە دۆخی نائاسایی لە سنووری پارێزگاکە ڕاگەیاندووە و ئاشکراشی کردووە: ماوەیەکە بارودۆخی بێلگورۆد بەهۆی تۆپبارانی چەکدارەکانی ئۆکرانیا زۆر ئاڵۆز و دژوار بووە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و چەند خانووێکیش وێران بوون.