پارێزگاری هەولێر: هیچ شوێنێکی لەشفرۆشی و قومارخانە مۆڵەتدراو نییە

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هیچ شوێنێک بەناوی لەشفرۆشی و قومارخانە مۆڵەتدراو نییە، ئەوانەی دەکرێت کارێکی بەدەر لە یاساییە. ئەم کردەوەیە جگە لەوەی دژی داب و نەریتی کۆمەڵگەی ئێمەیە، شیرازەی کۆمەڵایەتیش تێک دەدات.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هیچ شوێنێک بەناوی لەشفرۆشی و قومارخانە مۆڵەتدراو نییە، ئەوانەی دەکرێت کارێکی بەدەر لە یاساییە.

گوتیشی: دەزگا ئەمنییەکان وەکو پرۆسەیەکی بەردەوام، هەرشوێنێک لەناو ماڵەکان بێت یان هۆتێل و ڕێستورانتەکان بێت کە قوماری تێدا بکرێت، ئەو شوێنانە دادەخەن و ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتە بەر؛ ئەو پرۆسەیە بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کردەوەیە جگە لەوەی دژی داب و نەریتی کۆمەڵگەی ئێمەیە، شیرازەی کۆمەڵایەتیش تێک دەدات و لێکەوتەی خراپی هەیە.

لەبارەی داخستنی پاڵاوگەکان پارێزگاری هەولێر گوتی: پارێزگاری کردن لە ژینگەی هەولێر پرۆسەیە و بەردەوام دەبێت، دەشڵێت: نەک تەنیا داخستنی پاڵاوگەکان بەڵکو ئۆتۆمبیل و مووەلیدەی گەڕەکەکانیش، هەرچی پێویست بکات بۆ پارێزگاریی لە ژینگەی هەولێر دەیکەین.

ڕاشیگەیاند، داوا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەکەین ئەوانە ڕێک بخاتەوە و مۆڵەتیان پێ بدرێت، چونکە سەرچاوەی ژیانە و پێداویستیی ناوخۆیشە، هەروەها دەرفەتی کاریشە بۆ سەدان هاووڵاتی شارەکەمان، ئێمەش زەمینەمان خۆش کردووە کە ئەو پاڵاوگانە دوور لە ئاوەدانی بێت بەمەرجە ژینگەییەکان.