ئومێد خۆشناو: ئەو پاڵاوگانەی بۆ گیرفانی خۆیان گوێ بە ژینگە و خەڵک نادەن چاوپۆشیان لێ ناکرێت
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی بۆ دوو دینار و دوو دۆلاری گیرفانی خۆیان گوێ بە ژینگەی پایتەخت و هاووڵاتییان نادەن، لێیان قەبوڵ ناکرێ، دادەخرێن و ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان پرۆسەیە و بەردەوام دەبێت. دەڵێت: سەرباری ئەوەی پاڵاوگەکان سووتەمەنی خەڵک دابین دەکەن و سەرمایەی زۆریان بۆ خەرج کراوە، بەڵام ئەوەی بابەتی لە پێشینەی ئێمەیە، وەستانەوەیە لە ڕووی هەموو ئەوانەی دەبنە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و چاوپۆشیان لێ ناکرێت، بە شەو و ڕۆژ بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و دادەخرێن تا مەرجەکانی ژینگەیی جێبەجێ دەکەن.
پاریزگاری هەولێر گوتی: ئەو پاڵاوگانە سەرچاوەی کار و ژیانی هەزاران خەڵکە و پێویستیی سووتەمەنی دانیشتووانە، دەبێ کاریان ڕێک بخرێتەوە. داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش کرد وەک چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، بەو شێوەیە ڕێکارەکانی مۆڵەتدانی ئەو پاڵاوگانە لەچوارچێوەی ڕێکارە ژینگەییەکان بدات.
گوتیشی: دەبێ ئەو پاڵاوگانە لە دووری شار بن، بەو شێوازە کارەکانیان قەبوڵ ناکەین، دەشڵێت: ئەو پاڵاوگانە لەپێناو گیرفانی خۆیان و دوو دینار و دۆلار، مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ ناکەن، بۆیە لێیان قەبوڵ ناکرێت، دادەخرێن و ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر. چاوپۆشی لە کەس ناکرێت. گوتی: پێویستە هاووڵاتییان هەست بکەن ژینگەی هەولێر خاوێن بووەتەوە.
لەبارەی هەنگاوەکانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریش گوتی: ڕۆژی دوای ڕووداوی سووتانەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی بازاڕەکەی کرد و بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دا، بۆیە نۆژەنکردنەوەکە دەستی پێ کرا بە بەردەوام دوو کۆمپانیا لە هەردوو بەشە کۆن و نوێیەکە کاری تێدا دەکەن، دەشڵێت: بەڵێن وەرگیراوە لە شەش مانگدا بازاڕەکە تەواو نۆژەن بکرێتەوە، سەرباری لێخۆشبوون لە باجەکان، قەرزی بێ سوویان پێ دەدرێت، جگەلە هاوکاریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی.