پسپۆڕێک: مۆبایل و ساونا و جگەرە، سپێرمی پیاوان کەم دەکەنەوە
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس دەڵێت: بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی، ساونا و مۆبایل، ڕێژەی بەرهەمهێنانی سپێرم لای پیاوان کەم دەکەنەوە.
دکتۆر سوراب سێسی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس لە ویلایەتی سان فرانسیسکۆی ئەمەریکا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بڵاوی کردووەتەوە، باسی لە زیانی بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی، لەسەر جەستەی مرۆڤ و بە تایبەت ڕێژەی بەرهەمهێنانی سپێرم لای پیاوان کرد.
ئەو پسپۆڕە پێی وایە "ئەو ماددە کیماییانەی نێو جگەرە ئەلیکترۆنییەکاندا هەن، لەوانەیە لەگەڵ خوێن تێکەڵ ببن، بچنە نێو گونەکانەوە و ببنە هۆی مردنی خانەکانی سپێرم یان زیانگەیاندن بە DNA کە لە ئەنجامدا زیان بە توانای منداڵدروستکردنی پیاوان دەگەیەنێت".
دکتۆر سوراب سێسی باسی لەوەش کردووە "جگەرەکێشانی ئەلیکترۆنی، ماددە کیماییەکانی وەکوو پرۆپیلین گلایکۆڵ، دەخاتە نێو جەستەوە کە زیان بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی سپێرم و جووڵەیان دەگەیەنێت".
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس پێیوایە بەکارهێنانی گەرماوی "ساونا"ـش هۆیەکی دیکەی کەمبوونەوەی سپێرمی پیاوانە، چونکە هەردوو گونی پیاو پێویستی بە پلەیەکی گەرمای نزمە، بۆ ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر و تەندروستی سپێرم بەرهەم بهێنێت، کەچی پلەی گەرمای ناوەوەی گەرماوەکان بەرزە.
وەکو ئەوەی ئەو پسپۆڕە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی کرد "بەکارهێنانی مۆبایل بۆ ماوەیەکی زۆر کە لە ئەنجامدا پلەی گەرماکەی بەرز دەبێتەوە، هۆیەکی دیکەی کەمبوونەوەی سپێرمی پیاوانە، چونکە زیان بە گونەکان دەگەیەنێت".
دکتۆر دەیڤد شۆسترمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی میزڵدان، بۆچوونێکی دیکەی لەبارەی زیانەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی هەیە و دەڵێت: پێشنیاز دەکەم خەڵک جگەرەی ئەلیکترۆنی بەکار نەهێنێت، نەک لەبەر ئەوەی زیان بە بەرهەمهێنانی سپێرمی پیاوان دەگەیەنێت، بەڵکوو زیانی تەندروستیی دیکەی هەیە.
دکتۆر دەیڤد شۆسترمان ڕوونیشی کردەوە، هەندێک فاکتەری دیکە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی سپێرمی پیاوان، لەنێویشیاندا وەرزش نەکردن یان پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی دەوڵەمەند بە پرۆتین و ڤیتامینەکان.
بە گوێرەی چەند لێکۆڵینەوەیەک، دوای ئەوەی پیاو تەمەنی 40 ساڵی تێ دەپەڕێنێت، ساڵانە بەرهەمهێنانی سپێرمیان بە ڕێژەی 3% کەم دەبێتەوە.