به ڤیدیۆ.. چین فه‌رشی سووری بۆ ئۆباما رانه‌خست
ئۆباما به ده‌رگای یه‌ده‌گ له فڕۆكه تایبه‌ته‌كه‌ی دابه‌زی
K24 - هه‌ولێر:
باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، بۆ به‌شداریكردن له لووتكه‌ی G20ى وڵاتان كه له شاری هانگ ژۆی چین به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پێچه‌وانه‌ی پرۆتۆكۆل پێشوازی لێكرا، به شێوه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت فه‌رشی سووریشیان بۆ رانه‌خست.
به‌هۆی دابین نه‌كردنی قادرمه‌ی تایبه‌ت بۆ دابه‌زینی باراك ئۆباما، له فڕۆكه تایبه‌ته‌كه‌ی له چین، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ناچار بوو به ده‌رگای یه‌ده‌گی فڕۆكه‌كه دابه‌زێت، كه ده‌كه‌وێته به‌شی دواوه‌ی فڕۆكه‌كه.
هه‌رچه‌نده به گوێره‌ی پرۆتۆكۆلی پێشوازیكردن له سه‌رۆك وڵاتان، ده‌بوایه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و له‌لایه‌ن به‌رپرسانی باڵا‌و سه‌رۆكی چینه‌وه له‌سه‌ر فه‌رشی سوور، هاوشێوه‌ی سه‌رۆكانی رووسیا و كۆریای باشوور، پێشوازی له ئۆباما كرابا، به‌ڵام له رێوڕه‌سمی پێشوازییه‌كه‌ی ئۆباما، جگه له كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته، هیچ به‌رپرسێكی باڵای چین ئاماده نه‌بوو.
له‌و كاته‌ی ئۆباما له فڕۆكه‌كه‌ی دابه‌زی و به‌ره‌و ئۆتۆمبێله تایبه‌ته‌كه‌ی ده‌چوو، به‌رپرسێكی فڕۆكه‌خانه‌ی هانگ ژۆ، خۆی له رۆژنامه‌وانێكی ئه‌مه‌ریكی تووڕه ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌وه وڵاتی ئێمه‌یه و فڕۆكه‌خانه‌كه‌ش موڵكی خۆمانه".