غەفوور مەخمووری: پاش پێکهێنانی  ئیدارەی نوێ، کێشەکانی کەرکووک ئاڵۆزتر و تەعریب بەردەوام دەبێت

غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان
غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان

سکرتێری گشتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: هەر کەسێک ڕێککەوتنی لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک کردبێت، خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی کردووە و پێویستە خەڵکی کوردستان ئەوە قەبوڵ نەکات.

دووشەممە 19ـی 2024، غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: کەرکووک پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بۆیە هەرچی ناکۆکیش هەبێت پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر پرسی کەرکووک یەکدەنگ و هاوهەڵوێست بن. گوتیشی: ئەو ڕێککەوتننانەی لەدەرەوەی چوارچێوەی نیشتمانی دەکرێن، لای خەڵکی کوردستان قەبوڵکراو نییە. کێشەی ئێمە لە کەرکووک نەتەوەییە، پارێزگارێک لەسەر کەرکووک فەرز کرا بێ ئامادەبوونی زۆرێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، ئەوە سەرپێچییەکە لە سەر ئیرادەی میللەت و خواستی کەرکووکییەکان، چونکە کەرکووکییەکان لەسەر ئەوە پێک نەهاتوون پارێزگار لە یەکێتی  و چەند عەرەبێک بێت، دەبوو پێویستیی هەمووان لەبەرچاو بگیرێت.

غەفوور مەخمووری گوتی: مەترسییەکان لەوەدان کە خەزعەلی دەڵێت "ئێمە ئەو ڕێککەوتنەمان لەگەڵ یەکێتی کرد لەبەر ئەوەی ئەوان باوەڕیان بەوە هێناوە کەرکووک شارێکی عێراقییە، بۆیە گرفت نییە کێ پارێزگارە".
مەخمووری دەڵێت: بۆ داهاتووی نزیک ئەو پرسە کێشەیەکی گەورەمان بۆ دروست دەکات، پرسەکە دەچێتەوە خانەی ڕادەستکردنەوەی کەرکووک بە عێراق.

پێشی وایە، بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت لە کەرکووک. ئەو گوتی: لە دوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە تەعریب بەردەوامە، چەندین خێزانی عەرەب قەرەبوویان وەرگرت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و کەرکووک بەجێ بهێڵن، کەچی نەگەڕانەوە، زۆربەی پۆستەکانی کەرکووک دراونەتە عەرەبی شۆڤێنی، دوای پێکهێنانی ئەو ئیدارە نوێیە، کێشەکانی کەرکووک ئاڵۆزتر دەبن و ىە عەرەبکردنی کەرکووک بەردەوام دەبێت.

گوتی: کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا، کێشەی خاک و خەڵکە، بۆیە هەر کەسێک ئەو ڕێککەوتنەی کردبێت، دەکەوێتە ژێر پرسیار و دەچێتە خانەی خیانەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، لەبەر ئەوە پێویستە بەخۆمان دابچینەوە و داوای لێبووردن لە خەڵک بکەین. ئەو لایەنەی سازش لەسەر پرسی کەرکووک بکات، جێی قەبوڵکردن نییە و پێویستە خەڵکی کوردستان لەسەر ئەوە بوەستن.

شەوی شەممە، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.

کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:

1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)

2. عەرەب: شەش کورسی

3. تورکمان: دوو کورسی

4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان