سروە ڕەسوڵ: هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بووەتە نموونەی پێکەوە ژیان

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بووەتە نموونەی پێکەوە ژیان، بە بڕیاڕی سەرۆک بارزانی ساڵی 2014 دەرگای ماڵ و مزگەوت و قوتابخانە و کەمپەکان لە کوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەران کرایەوە.
دووشەممە 19ـی ئابی 2024، سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: نزیکەی ملیۆنێک و دوو هەزار ئاوارە لە کوردستان ماون و سەدا 30ـی ئاوارەکانلە کەمپەکان و سەدا 70 شیان لەنێو شارەکان دەژین.
سروە ڕەسوڵ دەڵێت: هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی بووەتە نموونەی پێکەوە ژیان، بۆیە پرسی هاوکاریی مرۆیی و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران بووەتە فەرهەنگێک لە کوردستان و بەو فەرهەنگە دەناسرێتەوە.
دەشڵێت: لە کاتێکدا ئەو ئاوارانە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق پەنا نەدران، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی دەرگای تەواوی کوردستان لە ماڵ و مزگەوت و قوتابخانە و کەمپەکان و شوێنی حەوانەوە بەڕوویاندا کرانەوە. بەشێوەیەک، کۆی خەڵکی کوردستان لەو پرۆسەیە بەشدا ربوون. حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئاستی سەدا 80ـی خزمەتگوزارییەکانی ئاوارە و پەنابەرانی خستووەتە سەر خۆی، بێ ئەوەی حکوومەتی عێراق هاوکارییان بکات. لە ئاستی نێودەوڵەتیش هاوکارییەکان وەک پێویست نییە، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 ەوە دووچاری جەنگی داعش و قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا بووەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بایەخی تایبەتی بە دۆسیەی مرۆیی داوە و باوەڕی بە سیاسەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە هەیە. دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنها لە بابەتی هاوکاریی مرۆیی پشتیوانی ئاوارەکانی نەکردووە، بەڵکو وەکو لایەنێکی نێودەوڵەتی توانی بەهانای لێقەوماوانی بوومەلەرزەی تورکیا و سووریاوە بچێت بە بەشداریی تیمەکان و دروستکردنی کەمپەینی هاوکاریی، گوتی: ئەوە یەک لە شانازییە نێودەوڵەتیەکانە کە وەک مێژوو دەمێنێتەوە.
لەبارەی ناوچەکانی شنگالیش، سروە ڕەسوڵ گوتی: نابینە هۆی گۆڕینی دیموگرافی، مەرجی ئێمە ئەوەیە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداریی پرسی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بکەن. بەو هەلومەرجەی ئێستا ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە، پێویستە ڕێز لە گەڕانەوەی شکۆمەندانە بگرین.
گوتیشی: ئەو ئاسانکارییەی بۆ ئاوارە و پەنابەران دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، لە هیچ شوێنێک نەکراوە. گوتیشی: لە پارەوە وەزارەتی ناوخۆ باڵەخانەیەکی تایبەتی بە پێدانی کارتی پەناخوازی بە پەنابەران ئامادە کردووە بۆ خزمەتکردنی ئاوارە و پەنابەران. پرۆسەی پێدانی کارتی پەناخوازیی بە پەنابەران بەڕێکوپێکی بەڕێوە دەچێت.