داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکرێت دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدات

K24 – هەولێر:
سەرۆککۆماری عێراق داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانەوە.
لە نامەیەکدا کە بۆ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی بە وەکالەتی ناردووە، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق داوا دەکات، لەپێناو دەستەبەرکردنی دادپەروەری و ڕێزگرتن لە قوربانیانی کیمیاباران و تاوانی کۆمەڵکوژی، پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانییەوە.
لەتیف ڕەشید داوی کردووە، لە نزیکترین دەرفەتدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکرێت و دواتریش بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی.
هەرچەندە لە (13ـى ئادارى 2014)ـەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دەکرد و لە ساڵی 2015ـەوە ئەو دۆسیەیە چووە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەوکات نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، بەڵام ئەو پرۆژەیاسایە مایەوە و ئەمساڵ لەلایەن کابینەی سوودانییەوە، رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا.
پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا و دواتر رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا بە مەبەستی پەسەندکردن. ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراقیش، دواى دە ساڵ هات دەرکردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و تەواوکردنی رێوشوێنە یاسایی و کارگێڕییەکان.
رۆژی (2ـی نیسانی 2023)، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجامدا. هەروەها لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی ئایاری 2023)، پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە کرد.
پرۆژەیاساى بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوار ماددە پێکهاتووە لە هۆکاری دەرکردنی یاساکەش نووسراوە، "بە هۆى بەرژەوەندیی گشتی و لە ئەنجامی فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی دانیشتووانی شارى هەڵەبجە، هەروەها بەهۆى ئەو قوربانی و زیانە ماددی، مرۆیی و ژینگەییە گەورەى لە هێرشی کیمیایی رژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بۆ سەر شارەکە کەوتووەتەوە، بە پێویست دەزانرێت شارەکە بکرێتە پارێزگا".
لە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا هاتووە، "هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای 19ـیەمینی عێراق و لە سنووری ئیداریی هەرێمی کوردستان دەبێت و قەزای هەڵەبجە دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە".
لە ماددەی دووەمی پرۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانی عێراق، سنووری ئیداری و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان دەکەن.
هەروەها پرۆژەیاساکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی یاساکە بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
پارێزگاى هەڵەبجە دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتی شارى سلێمانییەوە، لە ناحیەکانی سیروان، خورماڵ، بیارە، بەمۆ پێکهاتووە و لە ساڵی 1889 بووەتە قەزا.
لە 16ـى ئادارى 1988، لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، بە چەکی کیمیایى هێرشی کراوەتەسەر و پێنج هەزار هاووڵاتی کوردی سڤیل بەو هۆیەوە گیانیان سپارد و هەزاران کەسی دیکەش بریندار و پەککەوتە بوون، کەچی تائێستا لەلایەن حکومەتەکانی عێراقەوە، لە هەموو بوارەکانی مرۆیی، سیاسی، یاسایی، تەندروستی و ئاوەدانیدا، قەرەبووی دانیشتووانەکە و شارەکە نەکراوەتەوە.