ئەمەریکا: ئەمساڵ 114 ملیۆن دۆلار هاوکاریمان پێشکەشی ئاوارەکان کردووە

بلینکن: بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردنی ئەو ئاوارانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بە هاوکارییە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمساڵ 114 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی پێشکەشی ئاوارەکانی عێراق کردووە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت: بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی و هاوبەشانمان بۆ پشتیوانیکردنی ئەوانەی پێویستیان بە هاوکارییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە "لە ڕۆژی جیهانیی هاریکاریی مرۆییدا، ڕێز لە هەموو کارمەندانی هاریکاریی مرۆیی دەگرین کە پشتیوانی لەو خەڵکانەی ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەکەن کە بە بارودۆخی هەستیاردا تێپەڕدەبن لە کاتەکانی دروستبوونی قەیران و بارگرانیدا".

دەشڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمساڵ زیاتر لە 114 ملیۆن دۆلاری بۆ هاریکاریی مرۆیی وەک پشتیوانیی لە سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراقی ئاوارە دابین کردووە. ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە ئاماژە بەوە دەکات،"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانا و سەرچاوەکانی تەرخان دەکات بۆ چارەکردنی قەیرانە مرۆییەکان و چارەی ململانێکان لە ڕێی بەدەمەوەچوون و هەوڵی دیپلۆماسیی ڕێکخراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی". دەشڵێت: بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی خۆمان و کۆمەڵگای مەدەنی، هەروەها هاوبەشانمان لە ڕێکخراوە ناحکوومیەکان بۆ پشتیوانیی لە هەموو ئەوانەی پێویستیان بە هاوکارییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچە جیاجیاکانی جیهان.