ئیخڵاس دلێمی: لەم هەفتەیەدا هەموو فەرمانبەرانی مەدەنی مووچەکانیان وەردەگرن
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پهرلهمانی عێراق ڕایگەیاند: لەم هەفتەیەدا هەموو فەرمانبەرانی مەدەنی مووچەکانیان وەردەگرن، دەشڵێت: ئەو کێشەیەی ئەم مانگە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست بوو، لە داهاتوودا دووبارە نابێتەوە.
سێشەممە 20ـی ئابی 2024، هەریەک لە ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پهرلهمانی عێراق و سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا سەردانی مەخمووریان کرد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سیروان ڕۆژبەیانی گوتی: ئامانجی سەردانمان بۆ مەخموور بۆ ئەوەیە گوێ لە داواکاریی خەڵک بگرین و خزمەتی هەمووان بکەین بێ جیاوازیی، لە کاتێکدا مەخموور بەهۆی هێرشی داعش زیانمەند بووە، بەردەوام دەبین لەگەڵ خەڵکی خۆمان و ئەوەی پێویست بێت بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە جێبەجێی دەکەین.
دەشڵێت: بۆ کێشەی جووتیارانی مەخموور، نووسراوێکیان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ کردووە بۆ ئەوەی وەکو پار لە شایستەکانیان بێ بەش نەبن.
دواتر، ئیخڵاس دلێمی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە مەخموور بە هەشت ملیار دینار نەخۆشخانەیەکی 100 تەختی دروست دەکەن، هاوکات دروستکردنی ڕێگەی مەخموور لە گوێڕ دەست پێ دەکات تآ مەخموور و سوڵتان عەبدوڵڵا کە بە هەزار گونددا تێپەڕ دەبێت، بۆ ئەوەی جووتیاران سوودی لێ وەرگرن.
ئیخڵاس دلێمی گوتی: جووتیارانی ناوچەکانی ماددەی 140 پێویستە گرێبەستەکانیان نوێ بکرێتەوە. بۆ ئەوەی پلانی کشتوکاڵی خۆمان ڕایی بکەین، نووسینگەیەک لە مەخموور دەکەینەوە.
دلێمی گوتیشی: گوژمەیەکی مووچەی فەرمانبەرانی هەریمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە نێردراوە؛ پێموایە لەم هەفتەیەدا هەموو فەرمانبەرانی مەدەنی مووچەکانیان وەردەگرن و بە دووری دەزانم ئەو کێشەیەی ئەم مانگە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست بوو، لە داهاتوودا دووبارە ببێتەوە.
ئەمڕۆ هەریەک لە ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پهرلهمانی عێراق و سیروان ڕۆژبەیانی جێگری پارێزگاری نەینەوا سەردانی قەزای مەخمووریان کرد و لەگەڵ فەرمانگە و دامەزراوەکان و خەڵکی ئەو ناوچەیە کۆبوونەوە و گوێیان لە داوا و خواستەکانیان گرت سەرباری ڕاگەیاندنی چەند پرۆژەیەک بۆ خزمەتکردنی ناوچەکە بەگشتی.