گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک: قومارخانەکانی دهۆک داخران و قومارچییەکان دەستبەسەر کران

عەقید هێمن سلێمان گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک
عەقید هێمن سلێمان گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک

عەقید هێمن سلێمان گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند "لە هەڵمەتێکدا، قومارخانەکانی دهۆک داخران و قومارچییەکان دەستبەسەر کران؛  لە هەر شوێنێک قومار بکرێت، دایدەخەین و قومارچییەکان دەگرین".

سێشەممە 20ـی ئابی 2024، عەقید هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە هەڵمەتێکدا بەهاوکاریی ئاسایش تەواوی قومارخانەکانی دهۆکیان داخستووە". ئەو گوتەبێژە دەڵێت: ئەوانەی قومارخانەکانیان کردووەتەوە و ئەوانەی قومار دەکەن، بەپێی یاسای 389 سزای تاوانەکان دەستبەسەر کران، ئەوانەی قومار دەکەن و ئەوانەشی قومارخانە دەکەنەوە، ئەگەر دوای سزادان دووبارەی بکەنەوە، سزاکەیان قورستر دەبێت. وەزیری ناوخۆ ڕایسپاردووین بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە قومارچی و قومارخانەکان نەکەین، چونکە دەبنە هۆی کردنی تاوانی دیکە.

گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد "ڕۆژانە کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لە دهۆک دروست دەبوو، بەتایبەت لە لەیەک جوودابوونەوەی هاوسەران، تاوانی دزیی، کوشتن ، قەرزاریی. زۆرێک لە قومارچییەکان دووچاریی قەرزی زۆر دەبنەوە".

گوتی: تیمەکانمان چاودێری ئەو شوێنانە دەکەن کە گومان دەکەن قوماری تێدا دەکرێ، بەتایبەت لە کێڵگە و شوققە و شوێنی تایبەت، دەڵێت: لەهەر شوێنێک قومار بکرێت، قومارچییەکان دەستبەسەر دەکرێن و شوێنەکە دادەخرێت.