ئەمەریکا پشتیوانیی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لە کوردستان دەکات
کونسوڵی گشتی ئەمەریکا دەڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانیی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و پارێزراو بۆ پەرلەمانی کوردستان دەکات.
سێشەممە 20ـی ئابی 2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا ستیڤ بیتنەر کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کونسوڵخانەکە، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، ستیڤ بیتنەر، لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا پشتیوانیی ئەمریکای بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و پارێزراو بۆ پەرلەمانی کوردستانی عێراق دووپات کردەوە.
کونسوڵخانەکە دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا ستیڤ بیتنەر، باسیان لە پەیوەندی گرنگی ئەمنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی هاوبەشمان لە پێشخستنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی زیندوو و گەشەسەندوو و پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە.