مەغریب؛ لێبووردن بۆ پێنج هەزار تاوانبار و دواکراوانی چاندنی حەشیش دەردەکرێت

وەزارەتی دادی مەغریب لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، شا محەممەدی شەشەم، شای مەغریب، لێبوردنی بۆ نزیکەی پینج هەزار کەس دەرکردووە، کە بە تۆمەتی چاندنی نایاسایی حەشیش تۆمەتبارکراون یان داواکراون.
مەغریب، بەرهەمهێنەری سەرەکی حەشیشە و لە ساڵی 2021ەوە ڕێگە بە چاندن و هەناردەکردن و بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە لە دەرمانسازی و پیشەسازیدا دەدرێت، بەڵام نەک بۆ مەبەستی ڕابواردن.
محەمەد ئەلکروج، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نیشتمانی بۆ ڕێکخستنی چالاکیەکانی پەیوەست بە حەشیش، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: لێبوردنی شاهانە هانی جووتیاران دەدات، بە شێوەیەکی یاسایی حەشیش بچێنن بۆ باشترکردنی داهات و دۆخی ژیانیان.
ئەلکروج، ئاماژەی بەوەش کرد "بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، یەکەم بەرهەمی یاسایی حەشیش لە مەغریب لە ساڵی 2023 گەیشتووەتە 294 تەن. 2023 تاوەکو ئێستە هەناردەکردنی یاسایی گەیشتووەتە 225 کیلۆگرام".
پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ زیاتر بێت لەگەڵ زیادبوونی مۆڵەتی چاندن. دەزگای نیشتمانی ڕێگە بە چاندنی ڕووەکی 'سەلالە'ـی خۆماڵی دەدات کە بە بیلدیا ناسراوە.
نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ناوچەکانی باکووری مەغریب دەژین، کە داهاتی سەرەکییان حەشیشە. چەندین نەوەیە لەوێ حەشیش دەچێنرێت و لەگەڵ تووتندا تێکەڵ دەکرێت و دەکێشرێت.
هەرچەندە لە ساڵی 1954 ەوە قەدەغە کراوە، بەڵام ئەم ڕووەکە بە نایاسایی لە چیاکانی ڕیف لە باکووری مەغریب دەچێنرێت و پاشان بە قاچاخ دەبرێتە ئەورووپا.