بەرەی تورکمانی: لە داواکردنی مافەکانمان پاشەکشە ناکەین

K24 – هەولێر:
بەرەی تورکمانی عێراقی ڕایگەیاند، پێشێلکاری یاسایی لە دانیشتنی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا هەبوو، هەروەها مەرسومی کۆماری بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک خێراترین مەرسومی کۆمارییە لە مێژووی پڕۆسەی سیاسیدا.
سێشەممە 20ـی ئابی 2024 بەرەی تورکمانی عێراقی، لەبارەی دانانی پارێزگاری کەرکووک و بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا ئاماژەی بەوە دا: لە دانیشتنەکەی هۆتێلی ڕەشێد لە بەغدا بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک پێشێلکاری یاسایی هەبوو، بەهۆی ئەوەی دانیشتنەکە بەبێ بەتەمترین سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، ئەندامانیش بە فەرمی ئاگادار نەکرابوونەوە کە کۆبوونەوە دەکرێت.
بەرەی تورکمانی، ڕایگەیاند، لە مادەی 13ـی یاسای هەڵبژاردندا هاتووە کە دەبێت هەموو پێکهاتەکان نوێنەرایەتیان هەبێت لە حکوومەتی خۆجێێدا.
هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد: مەرسومی کۆماری بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک، خێراترین مەرسومی کۆمارییە لە مێژووی پڕۆسەی سیاسیدا. هەروەها ڕێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەگرن، بەڵام سەرچاوەی دۆسیەکەش پێشێلکاری یاسایی ڕوونی تێدایە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دۆسیەیان لە دادگای کارگێڕی هەیە و دۆسیەی سکاڵاکەش تا ئێستە لە دادگای فیدراڵییە. بەرەی تورکمانی جەخت لەوەش دەکاتەوە، لە داواکردنی مافەکانیان پاشەکشە ناکەن.
شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.