عێراق لە ڕێگەی ئینتەرپۆلەوە هەوڵی دەستگیرکردنی وەزیری پێشووی نەوت دەدات
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە مێدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، دەستەی دەستپاکی لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) لە پەیوەندییە بۆ دەستگیرکردنی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق.
سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، هەرچەندە شوێنی مانەوەی وەزیری پێشووی نەوت نادیارە و نەزانراوە، بەڵام دەستەی دەستپاکی لەگەڵ ئینتەرپۆل لە پەیوەندیدایە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئیحسان عەبدولجەبار بە تۆمەتی تێوەگلانی لە دزیی سەدە.
سەرچاوەی دزیی سەدە دەگەڕێتەوە دەرهێنانی پارەی کاش لە دەستەی گشتی باج لە ساڵانی 2021 و 2022 کە کۆی گشتیی ئەو پارەیە دزراوە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە. دۆسیەی دزیی سەدە کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق و بازرگانان تێوەگلاون، دوای ئهوهی بانكی ڕافیدهین لە تشرینی یەکەمی 2022، دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له ههژماری دهستهی گشتی باج پشتڕاست كردهوه، دادگای کەرخ لە بەغدا فهرمانی دهستگیركردنی بۆ تۆمهتبارانی ئهو دۆسیەیە دهركرد.
لە 1ـی شوباتی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕاندنەوەی 80 ملیۆن دۆلاری ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد ئەوە قۆناغی یەکەمە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی گشتیی وڵات.
ئیحسان عەبدولجەبار ئیسماعیل لە ساڵی 1974 لە شاری بەسرە لە دایکبووە و لە 6ی حوزەیرانی 2020 تاوەکوو 27ی تشرینی دووەمی 2022 وەزیری نەوت بووە لە حکوومەتی عێراق.