زیاتر لە سێ هەزار زیندانی ئافرەت لە زیندانەکانی عێراق دان

بەگوێرەی ئامارێکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە سێ هەزار زیندانی ئافرەت لە زیندانەکانی عێراقن و بەدەست جەنجاڵی زیندانەکانەوە گیرۆدەن، سەنتەری ستراتیجی ئاماژە بەوە دەکات هۆکارەکانی تاوانکاری لەناو ئافرەتان بەهۆی هەڵوەشانەوەی خێزانەکان و لاوازی ئاستی ئابووری و بژێوییە کە حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە.

فازڵ غه‌ڕاوی سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، هۆکاری تووشبوونی ئافرەتان بە تاوانکاری هەڵوەشانەوەی خێزانەکان و لاوازی ئاستی ئابووری و ئاستی خوێندەواری و پاڵنەرە ئاینییە لاوازەکان و خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردنە.

نور عیمران چالاکوانی بواری ئافرەتان دەڵێت: جەنجاڵی بەشێک لە زیندانەکانی ئافرەتان لە عێراق چوار هێندەی توانای خۆیانە، دووپاتیشی دەکاتەوە، دۆسیەی زۆرینەی زیندانییەکان پەیوەندیان بە لاوازی ئاستی بژێوی و سواڵکردن و توندوتیژی خیزانییەوە هەیە، کە پەیوەستن بە کەمدەرامەتی و نەبوونییەوە.

ڕوونیشی دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە زیندانیانی ئافرەت بەدەست نەخۆشی دەروونی و جەستەییەوە دەناڵێنن، بەڵام ڕێژەیەکی کەم توێژەری کۆمەڵایەتی و پزیشکی تایبەتمەندیان بۆ تەرخانکراوە کە ئەوانیش لە ڕەگەزی خۆیان نین.

لای خۆیەوە محەممەد عەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: فراوانکردنی زیندانەکان چارەسەری کۆتایی قەیرانەکە ناکات، بەڵکو  یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکان بۆ دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی کەمکردنەوەی جەنجاڵی نێو زیندانەکانە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە بەشێک لە ئازارەکانی عێراقییەکان.

بەگوێرەی ئامارەکان، عێراق لەڕووی جەنجاڵی نێو زیندانەکان لەپلەی 81ـەمینی جیهاندایە و بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ، خەرجی ڕۆژانەی هەر زیندانییەک لەسەر حکوومەتی عێراق 10 هەزار دینارە و ساڵانە 220 ملیار دینار بۆ زیندانیەکان خەرج دەکرێت.