ڕێژەی کورد لە کەرکووک زیاد لە سەدا پەنجایە و لە پرۆسەی دامەزراندن و دابەشکردنی پشکەکان ناڕازییە  

کەرکووک
کەرکووک

بەپێی ڕێژەی دانیشتووان، کورد لە کەرکووک ڕێژەی زیاتر لە سەدا پەنجا پێک دەهێنێت، بەڵام لە تەواوی پرۆسەکانی دامەزراندن لەو شارە، هەمیشە  پشکی کەمتر لە سەدا 20ـی بەرکەوتووە، ئەمەش وای کردووە نا ڕەزایی لێ بکەوێتەوە و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بێنێتە سەر شەقام.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: لەو ڕۆژانە لینکی دامەزراندن بڵاو دەکەینەوە، زیاتر لە حەوت هەزار دەرچوو  بەشێوەی گرێ بەست دادەمەزرێنن، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەشت ساڵی ڕابردوو لە ڕێژەی دابەشکردنی دامەزراندن لەنێوان نەتەوەکان یەکسانیی نەبووە، ئێستاش لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنی پارێزگا  داوا دەکرێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە  بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی هەر نەتەوەیەک، پشکی دامەزراندن دیاریی بکرێت.

خۆپیشاندەران لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد، لە خۆ نیشاندانەکە داوای دامەزرانیان بەشێوەی یەکسان کرد، هاوکات داوایان کرد ڕێژەی نەتەوەیی لەبەرچاو بگیرێت.

یەک لە خۆنیشاندەران دەڵێت: پێشتر پێیان دەگوتین وەرن بە پارە داتان دەمەزرێنین، ئێمە کوڕی قەقیرین چۆن دەتوانین بەپارە وا بکەین دامان بمەزرێنن، ئەو پارەیە لە کوێ بێنین، تەنها دەبێ بە پارە و کوڕی بەرپرس دابمەزرێن.

خۆ نیشاندەرەکان دەڵێن، هەرچەند کورد زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووک پێک دەهێنێت، بەڵام لە هیچ پرۆسەیەکی دامەزراندن سەدا 20 زیاتری بەرنەکوتووە.

یەکلایی  کردنەوەی ڕێژەی نەتەوەکان بۆ دامەزراندن، ئەمجارە لای ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە.

ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: بەشی کەرکووک حەوت هەزار و 302 پلەی وەزیفییە، نەمانهێشت کەس دەست لەو ڕێژەیە بدات بۆ ئەوەی تاکڕەوانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، بڕیاڕماندا تاکوو دەستبەکاربوونی ئەنجوومەن دەستکاریی ئەو ڕێژەیە نەکرێت بۆ ئەوەی خۆمان دابەشی بکەین و میکانیزمی بۆ دابڕێژین، چونکە ساڵانی ڕابردوو ناوچەکانی ئێمە نا هەقییان بەرامبەر دەکرا لەو بارەوە.

بەپێی ڕێژەی دانیشتووان، زیاتر لە سەدا پەنجای شاری کەرکووک کوردن، بەڵام لە هیچ پرۆسەیەکی دامەزراندنی شارەکە، کورد زیاد لە سەدا 20ـی ڕێژەی دامەزراندنی بەرنەکەوتووە.