ئەنتۆنی بلینکن: ئیسرائیل بە پێشنیازی ئاگربەست ڕازی بووە، پێویستە حەماسیش ڕازیبێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیهاۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە پێشنیازی ئاگربەستی غەززە ڕازی بووە، دووپاتیشی کردەوە پێویستە حەماسیش بەو پێشنیازە ڕازی بێت.

ئەنتۆنی بلینکن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحە گوتی: هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێت مەترسی لەسەر بارمتەکان زیاتر دەبێت و ئازاری خەڵکی غەززە بەبێ یارمەتی و دەرمان زیاتر دەبێت".

گوتیشی "ئێمە لەگەڵ قەتەر و میسر یەکگرتووین و بە شێوازی جۆراوجۆر کاردەکەین بۆ ئەوەی گرژی لە کەرتی غەززە زیاتر نەبێت".

بلینکن ئاماژەی بەوەدا، "جیهان پشتگیری پلانی بایدن و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات و ئێمە داوای ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان دەکەین و کار لەسەر وردەکارییەکانی دەکەین." دەشڵێت: "ئێمە گوێمان لە ڕازیبوونی ناتانیاهۆ بووە و هیوادارم حەماسیش ڕازی بێت، هەروەها ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل کاردەکەین، هاوبەشەکانیشمان لە میسر و قەتەر لەگەڵ حەماس کار دەکەن بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە".

گوتیشی: "پێویستە ڕێککەوتنەکە تەواو بکەین و هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنە" و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا هیچ داگیرکاریەکی درێژخایەنی ئیسرائیل قبوڵ ناکات بۆ کەرتی غەززە و ڕێککەوتنەکە لەسەر غەززە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندایە."