وەزیری کشتوکاڵ داوا لە UNDP دەکات کار بۆ بە بازاڕکردن و چاککردنی بواری سامانی ئاژەڵ بکەن

کۆبوونەوەی وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ ڕێکخراوی UNDP
کۆبوونەوەی وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ ڕێکخراوی UNDP

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە ڕێکخراوی UNDP دەکات، کار بۆ بە بازاڕکردن و چاککردنی بواری سامانی ئاژەڵ بکەن.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڵاوی کردەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو  لەگەڵ رێکخراوی UNDP کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، لەکۆبونەوەکەدا بڕیاردرا  بەردەوامی بە پڕۆژەکانی سەر ژمێریکردنی پڕۆژەکانی ئاژەڵداری و داڕشتنی ستراتیژییەکی تایبەت بۆ بەبازاڕکردن و چاککردنی بواری سامانی ئاژەڵ بدرێت.

هەر لەم کۆبونەوەیەدا، باس لەدارشتنی یاسا و پەیڕەوی تایبەت بەدروستکردنی هەرەوەزییەکان کرا، هاوکات گفتوگۆ لەسەر پتەوکردنی بەشەکانی ڕێنمایی کشتوکاڵی و چۆنیەتی گەیاندنی ڕێنماییە کشتوکاڵییەکان و سوودگەیاندنی بەجووتیاران کرا.

وەزارەتەکە ئاشکرای  کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا  باس لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا کراوە لەگەڵ پەیمانگای ئیسریک بۆ ڕووپێوی خاک و زەوی، بە مەبەستی چۆنیەتی دیاریکردنی جۆریی زەوییەکان بۆ بەرهەمهێنانی جۆری ڕووەکی و بەرهەمی کشتوکاڵی، دواتر خرایە بەرنامەی رێکخراوی ناوبراو.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو داوای لە رێکخراوی UNDP کرد، بەردەوام بن لە دروستکردنی هەلیکار بۆ ئەو دووسەد دەرچووەی زانکۆ و پەیمانگا کشتوکاڵییەکان کە لەبواری پیشەسازیی خۆراکیی خولیان بینی، تایبەت بە وشکردنەوەی میوە و بەرهەمهێنانی سرکە و شەربەت و پیشەسازیی خۆراکیی، هەروەها داوای لێکردن دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنن بۆ ئەو ئافرەتە دەرچووانە وەک دابینکردنی سەرچاوەیەکی داهات بۆیان.