17ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بەڕێوە دەچێت؛ بەرهەمی ترێ زیاد و هەنگوینیش کەمی کردووە
ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، 17ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بەڕێوە دەچێت. بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە، بەرهەمی ترێ زیاد و هەنگوێنیش کەمی کردووە.
بەرهەمی ترێ زیادی کردووە
چوارشەممە، 21-08-2024، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوکاڵی پارێزگاری دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەرهەمی ئەمساڵی ترێ لە سنووری پارێزگاکەیان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سەدا 20 زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 60 هەزار تۆن.
بە گوتەی ئەحمەد جەمیل، "ساڵی ڕابردوو بەرهەمی ترێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، نزیکەی 48 هەزار تۆن بوو و نالەباری کەشوهەوا و بەتایبەت بارانی زۆر، زیانێکی زۆری بە بەرهەمەکە گەیاندبوو؛ ئەمساڵ کەشوهەواکە تا ڕادەیەک باشتر بوو و وایکرد بەرهەمی ترێش زیاتر ببێت".
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوکاڵی پارێزگاری دهۆک باسی لەوەش کرد، ئەمساڵ زیاتر لە 20 هەزار و 118 دۆنم زەوی لە سنووری ئەو پارێزگایە بە ترێ داچێندرابوون.
بەرهەمی ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردووی ترێ لە سنووری پارێزگای دهۆک:
2018: 59 هەزار و 200 تۆن
2019: 70 هەزار و 450 تۆن
2020: 53 هەزار و 846 تۆن
2021: 49 هەزار و 454 تۆن
2022: 55 هەزار و 395 تۆن
2023: 48 هەزار و 150 تۆن
کەشوهەوا زیانی بە بەرهەمی هەنگوینی دهۆک گەیاندووە
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوکاڵی پارێزگاری دهۆک دەڵێت، پێچەوانەی بەرهەمی ترێ، ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین لە سنوورەکەیان کەمی کردووە و زۆری ڕێژەی باران و نالەباری کەشوهەواش بە هۆی سەرەکی ئەو کەمبوونەوەیە دەزانێت.
ئەحمەد جەمیل ڕوونی کردەوە، ساڵی ڕابردوو، بەرهەمی هەنگوین لە سنووری پارێزگای دهۆک 127.077 تۆن بووە، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ لەو ژمارەیە کەمتر بێت.
بەرهەمی چەند ساڵی ڕابردووی هەنگوێن لە سنووری پارێزگای دهۆک:
2018: 194.674 تۆن
2019: 218.431 تۆن
2020: 227.871 تۆن
2021: 132.947 تۆن
2022: 290.466 تۆن
2023: 127.077 تۆن
17ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بەڕێوەدەچێت
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی نێوان 10 بۆ 20ـی ئەیلوولی داهاتوو، 17ـەمین پێشانگەی ترێ و هەنگوێن لە فامیلی مۆلی دهۆک بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی ئەحمەد جەمیل، ئامانج لە کردنەوەی پێشانگەکە پشتیوانی کردنە لە کەرتی تایبەت و بەرهەمە خۆماڵییەکانیان. چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ 35 باخەوان و 35 هەنگەوان بەشداری لە پێشانگەکەدا بکەن.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک؛ 125 جۆری ترێ لە سنووری دهۆک هەیە و ساڵانە زیاتر لە 45 هەزار تۆن لێی بەرهەمدەهێندرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئامانج لە پێشانگەکە پیشاندانی بەروبوومی جووتیارانی سنووری دهۆک و پارێزگاکانی دیکە هەرێمی کوردستان و، بە بازاڕکردنیانە. لە رێگەیەوە جووتیارانمان و جووتیارانی پارێزگاکانی دیکە یەکدی دەناسن و زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن".